تاژێ کاردانەوەی بەرامبەر بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسی دەربڕی
تاژێ کاردانەوەی دەربڕی بەرامبەر بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسی و لێبوردنی گشتی و ڕایگەیاند، پەسەندکردنی هەردوو یاساکە شەرعیەت بەو عەقڵیەتی جینۆسایدە دەدات کە دژی ژنان و کۆمەڵگە پراکتیزە دەکرێت و داوای خەباتێکی هاوبەشی لە دژی ئەمە کرد.
شەنگال
سەرەڕای هەموو کاردانەوەکان، پەرلەمانی عێراق لەژێر پەردەی چاکسازیدا، یاسای باری کەسی و لێبوردنی گشتی لە ٢١ی کانوونی دووەمدا لە پەرلەمان خستە دەنگدان و پەسەندی کرد، بە پەسەندکردنی یاسای باری کەسی، خێڵگەرایی لە کۆمەڵگەدا قووڵتر دەبێتەوە، مافەکانی ژنان و منداڵان کە پێشتر پارێزراو نەبوون، زیاتر پێشێل دەکرێن، جگە لەوەش بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە هاوسەرگیری کچێکی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵ بەبێ هیچ بەربەستێک دەکرێت.
هەروەها یاسای لێبوردنی گشتی مەترسیدارە، بەو پێیەی لە یاسای عێراقیدا، سزادان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە کە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان یان دادگاییکردندان، هەروەها ئەم یاسایە ڕێگە بە هەڵسەنگاندنی سزای لەسێدارەدان دەدات، دەوترێت ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە وەک کوشتن، تاڵانکردن، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت و دامەزراندنی یان پەیوەستبوون بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان سزا دراون دەتوانن داوای دووبارە دادگاییکردن بکەنەوە.
پەسەندکردنی ئەم دوو یاسایە کە بەتەواوی دژە کۆمەڵایەتی و دژە ژنن، کاردانەوەی ژنان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەدواوە بووە، هەروەها ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگە کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر هەردوو یاساکە، بەتایبەتی ئەو یاسایەی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە دەستیان لە کوشتن و ڕفاندنی ژنانی ئێزیدیدا هەبووە.
سەبارەت بە هەردوو یاساکە، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی یاسا دژە کۆمەڵایەتییەکانی کرد ڕایگەیاند، پەسەندکردنی هەردوو یاساکە شەرعیەت بەو عەقڵیەتە جینۆسایدییە دەدات کە دژی ژنان و کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت و داوای خەباتێکی هاوبەشی لە دژی ئەمە دەکات.
دەقی تەواوی ئەو ڕاگەیەندراوەی کە لەلایەن تاژێ دەرچووە بەم شێوەیەیە:
لە ۳ی ئابی ۲۰۱٤ فەرمانی ۷٤ـەمین لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، خیانەتی پەدەکە و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێکرا، هەر لە هەمان مانگی ئابی ۲۰۲٤ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی پێکهاتەی شیعە، یاسای 'باری کەسی'، مادەی ۱٨٨ی خستەڕوو، کە لە ساڵی ۱۹٥۹ دامەزرا و پێکهاتەی سوننەش لە ساڵی ۲۰۱٦ یاسای لێبوردنی گشتی خستەڕوو، ناوەڕۆکی ڕەشنووسی ئەو یاسایە دژایەتی توندی خەڵکی عێراق بە تایبەتی ژنانی ئێزیدی و سەرجەم ژنانی عێراق و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و منداڵان و تۆڕە یاساییەکان و ڕۆشنبیرانی بەرکەوت، بەڵام پەرلەمان ئەو ئیرادە و هەڵوێستە دیموکراسییەی پشتگوێ خست و لە مانگی یەکدا ئەم یاسایە لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە پەسەند کرا کە هیچ پەیوەندییەکی بە پەیڕەوی ناوخۆ و دەستووری عێراقەوە نییە.
عێراق لەبری داننان بە جینۆساید، لێبوردن بۆ تاوانباران دەردەکات
لە فەرمانەکەدا پێکهاتەی ئێزدی و بەتایبەت ئێمەی ژن بووینە ئامانجی هەموو جۆرە کردەوەیەکی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، ئێستاش هەزاران ژن و منداڵ و ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان بە دیل لەلایەن داعشەوە گیراون، دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ کە لە شەنگال و دەوروبەری دەستنیشانکراون، نەکراونەتەوە، عێراق بەرپرسیارە لەو گۆڕانەی کە لە بەرامبەر نەوەی نوێی کۆمەڵگەکەماندا نەکراونەتەوە، سەرەڕای ئەو مەینەتییە زۆرە، ئێستاش هەزاران کەس لە گەلەکەمان بەهۆی ئەو ئازارانەی کە بەرگەی گرتووە، نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، زەبر و زەنگی فەرمانەکە هێشتا لەناو هەر یەکێکماندا زیندووە، دە ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە تێدەپەڕێت، عێراق لەبری ئەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدیمان جێبەجێ بکات، جینۆساید بە فەری بناسێنێت، لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران بکات، یاسای لێبوردنی گشتی دەردەکات، ئەم یاسای لێبوردنە بەمەبەستی سوود گەیاندنە بە ئەندامانی داعشی سوننە، ئەوانەی دەستیان لە خوێنی ئێزیدیەکاندایە، کە تاوانی نامرۆڤانەیان بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی و ژنانی ئێزیدی ئەنجام داوە، ئەمڕۆ ئەمانە ئەو کەسانەن کە سوودمەند دەبن لەو لێبوردنە.
پەسەندکردنی ئەم یاسایە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو میللەت و پێکهاتەکانی و ئایینەکان و بیروباوەڕەکانی و کۆمەڵگەکەمان، ئێمە دەڵێین بەم یاسایە دەیانەوێت زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی و فەرمانی نوێ خۆش بکەن.
هەروەها پڕۆژەی ناساندنی جینۆساید دژی پێکهاتەی ئێزدی خرایە کارنامەی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەم کاتەدا، بەڵام ئەمە لەلایەن پەدەکەوە ڕێگری لێکرا و پەرلەمان دەستبەجێ لە کارنامەی خۆی دوورخستەوە، خەباتمان بەردەوام دەبێت تا عێراق بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر کۆمەڵگەکەمان جێبەجێ دەکات، ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبوڵ ناکەین و دەڵێین ئێستا پێویستە پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دان بەو جینۆسایدەدا بنێت کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەرامبەر پێکهاتەی ئێزیدی ڕوویدا.
نوێنەرایەتییەکی عەقڵیەتی داعش!
وەک چۆن پێشتر دژایەتی خۆمان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەربڕیوە، ئەمڕۆش بە هەمان دژایەتی ئەم هەموارکردنە پەسەندکراوە بە توندی ڕەتدەکەینەوە، گۆڕینی ئەم یاسایە بە واتای ڕێگریکردنە لە ئیرادە و ئازادی و مافەکانی ژنان، ئەم یاسایە ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕانی تەمەن ١٥ ساڵ، دیسانەوە مافی منداڵبوون و میرات لە ژنان سەندراوەتەوە، ئەم یاسایە دژی هەموو مافەکانی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی ژنان، ئەم یاسایە دژی ژیانی دیموکراسی و یەکسانە، دژی ژن و منداڵ و گەنج و بە گشتی دژی هەموو کۆمەڵگەکانی عێراقە، ئەم عەقڵیەتە کە لە ڕێگەی عەقڵیەتی دەوڵەتی نێر و ئایدۆلۆژیای سێکسیستییەوە هەوڵدەدات پێش بە بەئاگاهاتنەوە و خەبات و ئازادی ژنان بگرێت، نوێنەرایەتی عەقڵیەتی داعشە، ئەم عەقڵیەتە پاساوێکە بۆ ئەو جینۆسایدەی کە دژی ژنان و کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت.
بانگەواز بۆ چڕکردنەوەی خەبات
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، جارێکی دیکە بە توندی ڕەشنووسی یاسای باری کەسی و لێبووردنی گشتی ئیدانە دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دەردەبڕین، داوا لە عێراق دەکەین دەستبەجێ ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە و گوێ لەو هەڵوێست و کاردانەوەیانە بگرێت کە بەرامبەر بەم یاسا نادیموکراسیانەی کە پەسەند کراون دەردەبڕدرێت، داوا لە کۆمەڵگەی عێراق و بەتایبەتی هەموو ژنانی عێراق و ئەوانەی لە باشووری کوردستان دەژین دەکەین، هەڵوێستی خۆیان لە دژی پەسەندکردنی ئەو یاسایانە دەرببڕن و لە خەباتێکی هاوبەشدا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.