تاڵیبان خەباتی ڕاگەیاندنی لە ژنانی ڕۆژنامەنووس قەدەغە کرد
تاڵیبان کە ئەفغانستانی کردە ناوچەیەکی قەدەغەکراو، لە شاری غور کاری ڕۆژنامەنووسانی ژنی لە بواری ڕاگەیاندن قەدەغە کرد.
بەهاران لەهیب
غور- دوای ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان لە ۱٥ی ئابی ۲۰۲۱ کەوتە دەست تاڵیبان، یەکەم ئامانج ژنان بوون، تاڵیبان ماوەی سێ ساڵە ژنانی لە خوێندن و هونەری وڵات دوورخستۆتەوە، لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا کە دیوار لە بەردەم پەنجەرەکاندا دروست دەکرێت لەو شوێنانەی کە ژنان زۆرتر بەکاریان دەهێنن، وەک چێشتخانە و حەوشە، تاڵیبان کە لە ڕێگەی قەدەغەکردن و سەرکوتکردن و زیندانیکردن لە ماڵەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە دەدات، ئێستا بە بیانووی ئەوەی 'خەڵک هان دەدەن'، کاری ڕۆژنامەنووسی ژنی لە شاری غور قەدەغە کردووە، سنووردارکردنەکانی تاڵیبان بەپێی ناوچە جیاوازە، پێشتریش لە هەندێک ناوچە قەدەغەکردنی هاوشێوە ڕاگەیەندرابوو، لە هەندێک ناوچە تەنانەت قسەکردن بۆ ژنان لەبەردەم خەڵکدا قەدەغە کراوە، ئەو ژنانەی کە کاردانەوەیان بەرامبەر بەو بڕیارە هەبووە، ڕایانگەیاندووە کە ئەو جۆرە بڕیارانەی تاڵیبان زۆر بە کۆمیدی دەزانن.
'دەبێت بە هێزی ژنان ڕژێمی تاڵیبان بڕوخێنین'
نافیسە نور، ڕۆژنامەنووس لە شاری غور، کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و وتی: ئێمەی ژنانی ئەفغانستان نابێت ڕادەستی عەقڵیەتی کۆلۆنیالیزمی ئەوان ببین، جا چ تاڵیبان بێت، داعش بێت، یان قاعیدە بێت، دۆخی ژنان لە ئەفغانستان تەنانەت پێش تاڵیبانیش خراپ بوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تاڵیبان فشارەکان دژی ژنان زیاتر بوون، بەهۆی سیاسەتی ئەو کەسانەی کە دوژمنایەتی ژنان دەکەن، هەموو ژنان بە منیشەوە ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن، نەوەیەکی نەخوێندەوار بە بیرۆکەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا دروست بوو، حکومەتی گەندەڵیش لە بیست ساڵی ڕابردوودا باوەشی بە تاڵیبان و جیهادییەکاندا کردووە.
نافیسە نور داوای لە ژنانی ئەفغانستان کرد و وتی: یەکڕیزی ژنانی ئەفغانستان دەبێت نموونەیەک بێت بۆ ژنان لە وڵاتانی دیکە، دەبێت بە هێزی ژنان ڕژێمی تاڵیبان بڕوخێنین، یان ڕۆژانی داهاتوو لەم ڕۆژە خراپتر دەبن.