سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەرێکی مەشهەد دەرچوو

ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەرێکی مەشهەد دەرچوو، کە بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی ژنێکی زیندانیی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: مەحبووبە شەعبانی تەمەن ٣٣ ساڵ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دادگای شۆڕشی مەشهەد ئەو خۆپیشاندەرەی بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن” سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە.

 

جێی ئاماژەیە، لە ئێوارەی ٢ی شوباتی ئەمساڵ سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی توندوتیژیی لە ڕادەبەدەر مەحبووبە شەبانی لە گۆڕەپانی ئازادیی مەشهەد دەستبەسەر کرد و دەستیان بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا گرت و دوای ماوەیەک بۆ زیندانی وکیل ئابادیان گواستەوە، سزاکەی دوێنێ بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندراوە و گەیشتە قۆناغی فەرمی.

 

دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستگیرکراوەکان ڕووبەڕووی سزای توند بوونەتەوە، لەوانەش سزای لەسێدارەدان.