سۆنگول گولەر لە ئەنجومەنی عشتارەوە: پەیامەکانی ئاشتی و دیموکراتیک گەورەتر دەکەین

سۆنگول گولەر، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتارلە کامپی پەنابەرانی مەخموور باسی لە گرنگی و واتای نەورۆز کرد و ڕایگەیاند، بە گەرمی بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشوازی نەورۆز دەکەن.

بەرژین کارا

 

مەخموور- نەورۆز هێمای خەباتی گەلی کوردە لە دژی زوڵم و ستەم، نەورۆز ئەو ڕۆژەیە کە چەقۆی خەباتی کاوەی سەردەم مێشکی زوحاکی ستەمکارەکانی شکاند و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هێنا، ئاگری نەورۆز کە داگیرساوە، ئەمڕۆ لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دەسووتێت و شەپۆلێکی بەرخۆدان و بوژانەوەی ئازادیی لێدەکەوێتەوە.

 

گەلی کورد کە لە ڕێگەی بەرخۆدانەوە جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێهێشتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز لە هەموو شوێنێک، لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خۆی بۆ نەورۆز ئامادە دەکات. لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) ساڵانە جەژنی ژیانەوە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوەدەچێت، خەڵکی مەخموور لە ماوەی ٣٠ ساڵەی دەربەدەریدا، سەرەڕای هەموو سەختی و هێرش و گەمارۆ و ئاستەنگەکان، هەمیشە جەژنی نەتەوەیی خۆیان بەڕێوە بردووە و بەو ڕۆحە خەباتی خۆیان بەهێزتر کردووە، وەک هەموو ساڵێک، ئەمساڵیش مانگێک پێش ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز دەستیپێکردووە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی جەژن دەکەن.

 

سۆنگوڵ گولەر، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخموور، سەبارەت بە گرنگی و واتای نەورۆز و پێشوازی نەورۆز لە کامپەکە بۆ دەزگاکەمان قسەی کرد.

 

"نەورۆز بۆ ئێمەی گەلی کورد هێمای ئازادی و بەرخۆدانە"

سۆنگول گولەر بەم وشانە باسی لە واتای نەورۆز بۆ گەلی کورد کرد: ئێمە چووینە ناو مانگی بەرخۆدان، واتە مانگی ئادار، مانگی زیندووییە، چ لە ڕووی سروشتی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئێمەی گەلی کورد بە تایبەتی زیندووبوونەوەیەکی مێژووییە، بە خەباتی کاوەی سەردەم، ئەم خەباتە جارێکی تر لە قوڵایی مەرگەوە سەریهەڵدا، کە ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، واتە بۆ ئێمە گەلی کورد هێمای ئازادی و بەرخۆدانە.

 

"پێویستە بە گەرمی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لە نەورۆز بکەین"

لە درێژەی قسەکانیدا، سۆنگول گولەر سەرنجی بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد بۆ ژنان ڕاکێشا و وتی: بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٨ی ئاداردا هۆشیاری بۆ ژنان دروستکرد کە ژنان پێشنەگایەتی ئەم پرۆسەیە دەکەن، وەک ژنانی ناو کامپەکە و ژنانی کورد، دڵخۆشین بەم شتە، پێویستە بە گەرمی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ پێشوازی لە نەورۆز بکەینک ئێمە پێمانوایە نەورۆزی ئەمساڵ جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژوو بەجێدەهێڵێت و بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگاکانی چارەسەرکردن بونیاد دەنرێت.

 

"پەیامەکانی ئازادی و ئاشتی و برایەتی بەرەوپێش دەبەین"

سۆنگول گولەر ڕایگەیاند، نەورۆزی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوەدەچێت و وتی: وەک خەڵکی کامپەکە ئێمەش لەم پرۆسەیەداین، ئێمە وەک پێکهاتەیەک جارێکی دیکە داواکارییە سیاسییەکانی خۆمان دەردەبڕین کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەم نەورۆزەدا کردمانە، جارێکی تر داواکاری ئازادی ژنان لەسەر شەقامەکان بەرز دەکەینەوە، پەیامەکانی ئازادی و ئاشتی و برایەتی بەرەوپێش دەبەین، بە تایبەتی داواکاریی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی جەستەیی بە گەورەترین شێوە دەردەبڕین.

 

" بە بەرزکردنەوەی ڕۆحی نەورۆز ئازادی جەستەیی ڕێبەر بەدەست دەهێنین"

سۆنگول گولەر ڕایگەیاند کە ئامادەکارییان هەیە بۆ نەورۆز و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ١٧ی مانگدا کاروانێکی مەشخەڵ ساز دەکرێت و ١٨ی مانگ ئاهەنگێک بەڕێوەدەچێت، لەم ڕۆژە تایبەتانەدا پێویستە ئێمە هەموو گەلانی ئازادیخواز بچینە سەر شەقامەکان و وەک ژن و گەنج و گەل دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و تێکۆشانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چڕتر بکەینەوە.