شوێنەواری "حەمامی فاتمەخان" لە سلێمانی دۆزرایەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق ئاشکرایدەکات، دوای چەندین هەوڵ و ٨٠ ڕۆژ، تواندرا شوێنەواری "حەمامی فاتمەخان" لە سەرای سلێمانی دۆزرایەوە، کە لە گەرماوەکەداجۆری بیناسازی کارێزو ئاوەڕۆ و سیستمی ساردو گەرم کەرەوە و خشتی داپۆشینی دیوارەکان دیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق دۆزینەوەی شوێنەوارێکی گرنگی لە سەرای سلێمانی ڕاگەیاندو وتی: وەک ئەزانین ئەستەمە باسی مێژوی سلێمانی کرابێت و ئاماژە بەسەراکەی نەکرابێت.

 

دەربارەی دۆزینەوەی گەرماوەکە وتوویەتی: رۆژێک مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف ئاگاداری کردم کە سەرا ئاساری لێیە و ئەوش وای لێکرم بڕیارم دا کە لە ماوەی دوو شەو و رۆژا بیکەینە باخ و بەپەلە نەمام بەدەوری دریوارکا برۆێنین و بە چیمەنی حازر و بە ئینجانەی پڕ لە گوڵ بیرازێنینەوە و چەند کورسییەکی بەرد و نافورەیەکی بێ ئاویشی تیا دانێن و بیکەینە ئەمری واقیع تا ئەو کاتەی خێرەومەندێک لە دووا رۆژا هەئەستێ بە کنە و پشکنینی ئەو شوێنە، هەر لەبەر ئەوەی مامۆستا عەبدولڕەقیب پێێ وتبووم کە ژێر ئەو خاکە ئاساری لێیە بۆیە داوام کرد کە چاڵی نەمامەکان زۆر قوڵ هەڵنەکەنن و خۆشبەختانە ئەوەڵ چاڵی کە لییان دا یەکسەر چەند پارچە کۆزەیەک و لێواری دێوارێکی بەردی بەدەر کەوت.. ئەوەش وای کرد کە ئەو پرۆژەیە راگرین و داوام لە شوێنەوار کرد کە بە زوترین کات کنە و پشکنین لەو شوێنە دەست پێ بکەن، بەداخەوە چەندین مانگ تێپەری کەس نەهاتە پێشەوە ، پاشان پەیوەندیم بە زانکۆی سلێمانیەوە کرد کە بەوکارە هەڵسن بە تەنسیق لە گەڵ شوێنەوارا، زانکۆی سلێمانی پلانێکی تۆکمەی دارشت بۆ شێوازی کارکردن.. وەک رێزێکیش بۆ مامۆستا عبدالرقیب داوام کرد کە بەرێزی ئەوەڵ پاچ لێ بدات، پاش ئەوە هەمدیس کارەکان وەستان و هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە هەندێک لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار سکاڵایان لە دژی زانکۆ بەرزکردبوەوە کە گوایە ئەوە کاری ئەوانە و هی زانکۆ نییە.

 

"مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەرم انڕەوای بابانەکان"

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی: ئەوکات زانیم کە تەنانەت گەران بەدوای مێژووشماندا لە خاک و شاری خۆشماندا کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە، پاش هەوڵێکی زۆر هەمدیس دەست کرایەوە بەکار و لە چەند کاتژمیری سەرەتادا لێواری دیوارو کۆمەڵێک سەبیل دۆزرایەوە، خۆشحالم کە ئەمڕۆ لێرە و بە ئێوەی ئازیزی را بگەیێنم کە خۆشبەختانە دوایی هەشتا رۆژ و هەشت سەدو بیست سەعات و پەنجا دەقە کارکردن توانرا بەشێکی بەرچاوی ئەو گەرماوەی کە پێی ئەوترا حەمامی فاتمەخان بدۆزینەوە، بێ گومان پرۆژەی شوێنەواری سەرای سلێمانی بەدۆزینەوەی ئەم گەرماوە لە پشتی سەرا کە مێژەوەکەی ئەگرێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانرەوایی بابانەکان گرنگیەکی مێژوویی تری گەڕاندەوە بۆ سەرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک باس دەکرێت ئەو حەمامە تاوەکو ١٩٥٤ هەبووە و لەو ساڵەدا لە لایەن عومەر عەلی کە موتەسەرفی ئەوکاتی سلێمانی بووە ڕووخێندراوە و بینای تری لەسەر دروستکراوە کە تاوەکو ئێستاش بەشێکی لەو شیش و کۆنکریتەی کە لەو کاتەدا بە کار هاتبوو تێکەل بە تاق و ژورو دیوارە رەنگاورەنگ و جوانەکەی ئەو گەرماوە بووە، لەم گەرماوەدا جۆری بیناسازی کارێزو ئاوەڕۆ و سیستمی ساردو گەرم کەرەوە و خشتی داپۆشینی دیوارەکان زۆر بەروونی بەرچاو ئەکەوێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیشیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەکات، لە پارێزگاری سلێمانی سەرای سلێمانی بخرێتە سەر شوێنەوار.

 

بەپێی زانیارییەکان، حەمامی فاتمەخان لە ساڵانی پەنجاکاندا (استملاک) کرا و خرایە سەربینای سەرا، لەلایەن سلێمان پاشای کوڕی ئەوڕەحمان پاشاوە، ساڵی ۱۸۳٥ دروستکرا و بەناوی فاتمەخەنی کچییەوە ناونرا چونکە ئەو یەکەم کەس بوو خۆی تێدا شتووە.