شنگال فەرمان دەهێنێتەوە یاد و بەدوای دادپەروەری و دانپێداناندا دەگەڕێت
لەژێر ئاڵای دادپەروەری و ناساندنی جینۆساید، شنگال ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەک بۆ گفتوگۆکردنی کاریگەرییەکانی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ و چارەنووسی ڕفێندراو و بێسەروشوێنەکان و ڕۆڵی ژنانی ئێزدی لە بەرخۆداندا.
شنگال
لەناو کاردانەوەی بەردەوامی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال کردە ئامانج، ئەنجومەنی گەلی شنگال ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەک بە ناوی "فەرمان و یەکگرتنی دیموکراتیک"، ئامانجی کۆنگرەکە تیشک خستنە سەر دەرئەنجامەکانی فەرمان و بەهێزکردنی پرۆسەی ناساندنی فەرمان و پەرەپێدانی دیدگایەک بۆ ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک.
بڕیارە کۆنگرەکە لە ١٥ی تەمووز لە ناوەندی ئەنجومەنی گەلی شنگال (وادی کرس) بەڕێوەبچێت، بە دروشمی "دادپەروەری گوازراوە دەبێتە بناغەی ئەنیگراسیۆنی دیموکراتیک"، کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان و ئەندامانی ئەنجومەنی گەل و کەسایەتییە دیارەکانی ئێزدی لە هەردوو ناوەوە و دەرەوەی شنگال لەخۆدەگرێت.
"دەمانەوێت عێراق دان بە فەرماندا بنێت"
فەریدە شنگالی، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی و بەسێ ئاڤیستا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شنگال جەختیان لە گرنگی بەستنی کۆنگرەکە لەم کاتەدا کرد، وتیان: ئەنجامدانی پێش ساڵڕۆژی ٧٤ مین فەرمان دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی دادپەروەری و مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی.
فەریدە شنگالی ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجی سەرەکی کۆنگرەکە دەربڕینی ئیرادەی گەلی ئێزدییە، وتی: لەڕێگەی دیدگای پێکهاتەی ئێزدییەوە دەمانەوێت ئاواتەکانمان بەدیبهێنین، نامانەوێت پشت بە کەسانی دیکە ببەستین، بەڵکو دەمانەوێت حکومەتی عێراق دان بەو فەرمانەدا بنێت کە تووشی بووین.
جەختی لەوەشکرد، کۆنگرەکە نوێنەرایەتی هەنگاوێکە بەرەو بەدەستهێنانی مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی دەکات، کە هەزاران منداڵی کچ و ژنی ئێزدی لە دیلێتی داعشدا ماونەتەوە و تا ئێستاش چارەنووسی زۆرێکیان نادیارە، هەروەها کۆنگرەکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی ئێزدییەکان و گفتوگۆکردنی کاریگەرییەکانی فەرمان و هەڕەشە بەردەوامەکانی بەردەم کۆمەڵگەکەیان.
چارەنووسی بێسەروشوێنان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە کارنامەی کۆنگرەدایە
فەریدە شنگالی دووپاتیکردەوە، کە فەرمانی ٧٤ هەزاران زیانبەرکەوتووی بەجێهێشت کە بەکۆمەڵ کوژران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، وتی: دوای ١٢ ساڵ لە کارەساتەکە، تا ئێستا هەموو ئەم گۆڕانە نەکراونەتەوە و چارەنووسی زیانبەرکەوتووانیش ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها ڕەخنەی لەوە گرت کە بە کەمتەرخەمی دەوڵەت لەم بابەتەدا پێناسەی کرد و وتی: چارەنووسی زۆرێک لە تەرمەکانی گواستراوەوە بۆ بەغدا نادیارە، بەمەش خێزانەکان بێ بەش بوون لە مافی ناشتنی ئازیزانیان بە کەرامەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، جینۆسایدێکی دڕندانە و خیانەتێکی گەورەمان بەسەردا هات، بەردەوامی نەگەڕانەوەی پاشماوەی زیانبەرکەوتووان دوای ئەو هەموو ساڵە بە ئازار و سەخت و قبوڵکراو نییە، جگە لەوەش حکومەتی عێراق هێشتا هەوڵی پێویستی نەداوە بۆ گەڕان بەدوای زیندانیان و ڕفێنراوەکاندا.
ڕوونیکردەوە، لە کۆنگرەکەدا باس لە خەبات و بەرخۆدانی ژنانی ئێزدیش دەکات لە ساڵانی دوای فەرمانەکەدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆنگرەکە بکاتە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لە شنگال.
پاراستنی ئێزدییەکان لە یەکڕیزی و دانپێدانانی مافەکانەوە دەست پێدەکات
بەسێ ئاڤیستا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە شنگال دووپاتی کردەوە، کە کۆنگرەکە لە دەوری سێ تەوەری سەرەکی بەڕێوەدەچێت کە بریتین لە کۆمەڵکوژی، کۆمەڵکوژییەکان و ئەنیگراسیۆنی دیموکراتیک، هەروەها بەشداریکردنی ژنان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ کۆنگرەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵەی کە لە کاتی فەرمان و بەرخۆدانەکەدا بینیویانە.
بەسێ ئاڤێستا جەختی لەوە کردەوە، کە کۆنگرەکە کە بڕیارە لە ١٥ی تەمووزدا بەڕێوەبچێت و هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکان، ئامانجی تیشک خستنە سەر ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە دژی گەلی ئێزدی ئەنجامدراوە و کاربکات بۆ ناساندنی، وتی: ١٢ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتەدا تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی عێراق تا ئێستا بە فەرمی دان بەو فەرمانەدا نەناوە کە کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی بووە.
ڕوونیشیکردەوە، لە کۆنگرەکەدا باس لە دۆخی منداڵانی کچان و ژنانی ئێزدی دەکرێت کە کەوتوونەتە دیلێتی داعشەوە، کە تا ئێستاش هەندێکیان چارەنووسیان نادیارە، ئەمە جگە لەوەی لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو جینۆسایدە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی دەکرێت، هەروەها لە کۆنگرەکەدا تیشک دەخرێتە سەر خۆڕاگری ژنانی ئێزدی و ڕۆڵی پێشەنگانەیان لەو ماوەیەدا، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەئامانجکردنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی کچان.
جەختی لە ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا کردەوە، دانیشتنەکانی کۆنگرە باس لە مێژووی ژنانی ئێزدی و کولتوور و بیروباوەڕی ئێزدی و هەروەها مێژووی ئەو فەرمانانەی دەکرێت کە بە درێژایی قۆناغە جیاوازەکان بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامدراون.
بەسێ ئاڤیستا داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری کۆنگرەکە بکەن، بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و نوێنەرانی ئێزدی لە دامودەزگا سیاسییەکان، هەروەها یەکڕیزی هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێزدییەکان ئەمڕۆ پێویستیان بە یەکڕیزییە لەپێناو چەسپاندنی ناسنامەی خۆیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لەناو دەوڵەتی عێراقدا، وتی: ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی فەرمانی نوێ پێویستی بە هەڵوێستێکی ئەنتیگراسیۆن و ئیرادەیەکی هاوبەش هەیە، قۆناغی ئێستاش داوای ئەوە دەکات ئێزدییەکان "یەک دەست و یەک دەنگ" بن.