عێراق بەرنامەی پشتیوانی بۆ قوربانیانی مین دەست پێدەکات

حکومەتی عێراق بە ئامانجی پاڵپشتی کردنی ئەو کەسانەی بوونەتە قوربانی مینە چێندراوەکان بەرنامی پاڵپشتی پەرەپێدەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق هەنگاوێکی نوێ بۆ پشتیوانی قوربانیانی مین دەگرێتەبەر، ژمارەیەکی بەرچاو لە مین بەهۆی شەڕە یەک لەدوای یەکەکان لە عێراق بەجێماوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، پرسی پاڵپشتیکردنی لێقەوماوانی مین یەکێکە لە کارە بنەڕەتییەکانی حکومەتی عێراق، پلانێکی ڕێکار و بەرنامەیەکی بۆ پشتگیریکردنی قوربانیانی مین داناوە، بە هاوکاری لەگەڵ هاندیکاپ ئینتەرناشناڵ -HI جێبەجێدەکرێن.

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، سەباح حسێنی، پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، بەرنامەیەکی کاریگەر دەگرنەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی قوربانیان ی مین، سوود لە خزمەتگوزاری پزیشکی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و چاکسازی وەردەگرن.

 

بەرپرسی پرۆگرامی هاندیکاپ ئینتەرناشناڵ لە عێراق، دانیێلا ماریا پوسکا، لە میانی وۆرک شۆپێکدا باسی لەوە کرد کە عێراق یەکەم وڵاتە لە جیهاندا کە ستانداردێکی نیشتمانیی هەیە کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت، لەپشتگیریکردنی قوربانیانی مین لە عێراق.

 

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، دوو ئەندامی عێراقی لە تیمێک کە کاریان بۆ دەزگای چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان UNMAS کردبوو، بەهۆی ڕووداوێکەوە لە شوێنی پاککردنەوەی تەقەمەنی لە شەتولعەرەب لە نزیک شاری بەسرە گیانیان لەدەستدا و سێیەمیش بریندار بوو.

 

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بۆ دەزگای چالاکی مینی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا بڵاویکردەوە، عێراق بەهۆی شەڕ و ململانێی دەیان ساڵەوە بەدەست جۆرەها پیسبوون دەناڵێنێت، ئەو جۆرە پیسبوونانەش ئێستا مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی عێراقییەکان دروستدەکەن.

 

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، عێراق پیسترین وڵاتی بە مینی چێندراوی جیهانە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مینانەی کە گروپی داعش بۆ بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق و سووریا دایانناوە، هەروەها بەهۆی شەڕی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، شەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ و  شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨، چەندین مینی چێندراو لە ناوچەکە دانراوە کە تا ئێستا دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس.