ڕژێمی ئێران، هاووڵاتیانی ناچار بە سەختی کۆڵبەری کردووە

لاڤین ئەمانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆڵبەرنیوز سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی کۆڵبەرەکان دەڵێت: "پرسی کۆڵبەری یەکێکە لە تاوانە ڕێکخراوەکانی ڕژێمی ئێران کە لەم ساڵانەدا ئەنجامی داوە."

مژدە کرماشانی

 

ناوەندی هەواڵ- دوای شۆڕشی ١٩٧٨ و سەرەڕای بەڵێنی ناڕاستی ڕژێم بە گەلانی ستەملێکراو، کۆڵبەری لە کوردستان و کاری گواستنەوەی سوتەمەنی لە بەلوچستان بوونە پرسێکی سیاسی، بە سیاسەتی جیاکاری، هەژاری ئابووری و بێکاری سەپێنراو هاووڵاتیان ناچاربوون لە ڕێگەی ئەم کارانە لە خاکی وڵاتی دراوسێ و بە فرۆشتنی کەمێک پارە پەیدا بکەن.

 

لە ڕاستیدا ئابوری سیاسی فشاری زیاتری لەسەر خەڵک دروست کردووە، بەتایبەتی ئەو فشارانە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەهۆی ستەم و سەرکوتکاری سیستماتیکەوە چڕتر بووەتەوە، لە کاتێکدا ئەرکی حکومەت دروستکردنی هەلی کار و دابینکردنی بژێوی هاووڵاتیان بوو، بەڵام ڕژێمی ئێران نەک هەر کوردستان بەڵکو بەلوچستانیشی کردە ئامانجی هەژاری سیستماتیک.

لاڤین ئەمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆڵبەرنیوز بۆ ئاژانسی نوژنها تاوتوێی پرسی کۆڵبەرەکانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

 

هەمیشە جۆرێک لە ناڕێژەیی لە بەرنامەی ئابووری نێوان ناوەند و پەراوێزدا دەبینین

لە سەرەتای قسەکانیدا لاڤین ئەمانی ئاماژەیدا بە هەڵکەوتەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندگەرایی و جیاوازییە مەزهەبی و زمانەوانی و وتی: " بە گشتی ڕژێمی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئامانجی سیاسی و سەربازیی تایبەت لەم ناوچانە وەک کوردستان، بەلوچستان، خوزستان پەیڕەو کردووە، ئەو ئامانجە تایبەتانەی لە ڕێگەی بەرنامەی تایبەتی ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە جێبەجێ کرد، لە ئەنجامدا هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان بە سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان یان گواستنەوەی سوتەمەنی لە بەلوچستان، ملکەچی ئەو ئامانجە سیاسی و سەربازییە تایبەتانەن."

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " ڕژێمی ئێران لە هەموو ئەو ساڵانەدا هەوڵێکی بە ئەنقەستی بۆ لەناوبردنی گەشەسەندنی ناوخۆیی و توانا ئابوورییەکانی ناوچەکە و ئەگەری سوودوەرگرتنی لە سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکانی داوە، ئێمە هیچ پڕۆژەیەکی ئابووری نابینین کە ژێرخانی هەبێت کە لە چوارچێوەی ئەو پلانە ئابووریانەدا جێی ببێتەوە، نەک هەر بوونی نییە، بەڵکو تەنانەت ئەو ژێرخانە ئابوورییەی کە لە ڕابردوودا هەبووە، بەداخەوە یان لەناوچووە یان بەکارنەهێنراوە و کۆن بووە، ئێمە هەمیشە شاهیدی جۆرێک لە ناڕێژەیی لە بەرنامەی ئابووری نێوان ناوەند و پەراوێزدا دەبین، ئێستا پەراوێز لە ناوەندێکی جوگرافیی نییە بەڵکو لە پێوەندی لەگەڵ بەهێزی و پانتایی بەرنامەی ئابووری، بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم کێشەیە توندتر بووە و هەموو ئەمانە بووەتە هۆی جۆرێک لە گەشەسەندنی نایەکسان کە پەیوەندییە پێکهاتەییەکانی نایەکسانی نیشان دەدات کە لە نێوان ناوەند و پەراوێزدا هەبووە."

 

"ڕژێمی ئێران هەوڵی ئاساییکردنەوەی کوڵبەری وەک کارێک لە کوردستان دەدات"

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بۆ نموونە لە کوردستاندا ئەم پێکهاتە و پەیوەندییە نایەکسانانە لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریدا لە ڕێگەی میلیتاریزمی توندڕەو، گەشەسەندن، یان هەڵاواردنی ئابوورییەوە جێبەجێ کراون، ئەمەش هەلومەرجی سیاسی و ئابووری ناسەقامگیر کردووە، دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەم هەرێمەی ناچار کردووە،بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن و بژێوی ژیانیان دەستەبەر بکەن، سەرقاڵی کاری کاتی و وەرزی بن وەک خشتسازی، کارکردن لە باخ و کێڵگەکاندا و بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا زیادبوونی بەرچاوی کۆڵبەری بەخۆیەوە بینیوە."

 

لاڤین ئەمانی ئاماژەی بەوەدا نا سەقامگیری ئابووری هۆکاری پەرەسەندنی کۆڵبەرییە: " ڕژێمی ئێران هەوڵی ئاساییکردنەوەی کۆڵبەری وەک کارێک لە کوردستان دەدات، لە ساڵانی ڕابردوودا بینیمان کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و ژێرخانی دیکە، هەنگاوی بۆ کردنەوەی بازاڕە سنوورییە کاتیەکان گرتەبەر و لە ئەنجامدا ئەم بازاڕە بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی شارەکانی کوردستان، هەرکاتێک بیەوێت بازاڕەکانی داخستووە، هەندێک حاڵەتی کۆڵبەری دیاریکراوی یاسایی کردووە، لە کاتێکدا کۆڵبەرەکان ڕۆژانە دەکوژرێن، بەشێکی زۆریان ناسنامەی کۆڵبەرییان هەیە، ئەم هەژاریی و ئابوورییە بە گشتی بۆ ڕژێمی ئێران وەک چەقۆیەکی گوشار، میکانیزمی کۆنترۆڵ و کەرەستەی چەوساندنەوە بەرانبەر ئەو خەڵکە بووە،  بە گشتی دەکرێت بڵێین دەرکەوتنی ئابووری ئەم دۆخە سیاسی و ئابوورییە لە کوردستان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەمان ئامانجە سیاسییە درێژخایەنەکان و تەنانەت کورتخایەنەکانی ڕژێمی ئێران لەم ناوچەیەدا هەیە."

 

لاڤین ئەمانی بە ئاماژەدان بە پرسی مانگرتن و ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان بۆ دۆخی کۆڵبەران و داخستنی بازاڕەکان و ئەو کوشتنەی کە ڕۆژانە ڕوودەدات، وتی: "ساڵی ڕابردوو شاهیدی چالاکی زۆر بووین لە شاری بانە و فراوانبوونی بۆ شارەکانی دیکەی سنە و سەققز بەڵام لە ئەنجامی ئەو هەموو بەرخۆدانانەی ڕۆژانەی خەڵک لەو ناوچانە، کوشتار و هەلومەرج و سەختیەکانی کۆڵبەرەکان بەردەوامن، لە ئاکامدا چالاکی کۆتایی هێنان بە کۆڵبەری و ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی کۆڵبەرەکان دەگوزەرێت، پێویستە زۆر بەرفراوان بێت و هاوتەریب بێت لەگەڵ هەمان کردار و هەمان خەباتی بە کۆمەڵی خەڵک کە ئێستا لە هەموو کۆمەڵگەکان ڕوودەدات، پرسی کۆڵبەری تەنها کێشەیەکی تایبەت بە شارۆچکە سنوورییەکانی کوردستان نییە، کۆڵبەری دەرکەوتەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابوورییە کە بە گشتی بەسەر ناوچەکانی دەوروبەریدا سەپێنراوە."

 

"دۆخی  ئەو کەسانی سووتەمەنی دەگوازنەوە لە بەلووچ لەوە خراپترە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیبینین"

 

ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بە دۆخی کرێکارانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە بەلوچستان کرد و وتی: "دۆخی کرێکارانی سوتەمەنی بەلووچ تا ڕادەیەک خراپترە، لە ئاکامدا دەبێت زۆر بە فراوانی و بەکۆمەڵ لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگە نەک تەنیا لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو لە شارەکانی ئێرانیش شاهیدی ناڕەزایەتی و هەستیاری بەرامبەر ئەم پرسانە بین، ئامانجی کۆتایی دەبێت کۆتایی هێنان بە کۆڵبەری بێت."

 

بە گرنگیدان بەو ڕاستییەی کە دۆخی کۆڵبەر زۆر ماندووکەر و توندوتیژییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە، وتی: "لە درێژەی هەمان بەرنامەی ئابووریدا هاوشانی سەختییەکانی ڕۆژانە شاهیدی کوشتنی کۆڵبەرەکان دەبین، مەترسییەکانی وەک ڕۆشتن لەسەر مینە چێندراوەکان، کەوتنە خوارەوە لە شاخەوە، هەڵگرتنی چەند کیلۆیەک کۆڵەپشتی زۆر قورس لێکەوتەی جەستەیی و دەروونی هەیە، کۆڵبەرەکان دەبنە قوربانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکان و سوپای پاسداران، لە ئەنجامدا پرسی کۆڵبەری یەکێکە لەو تاوانە ڕێکخراوەکانی ڕژێمی ئێران کە لەم ساڵانەدا ئەنجامی داوە."

 

لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "بەداخەوە ڕەوتە ڕادیکاڵ و پێشکەوتنخوازەکان زۆر ناتەبا و پەرشوبڵاون بەهۆی سەختی سەرکوتکاری و ئەو هەلومەرجە سیاسییە تایبەتەی کە لە ئێراندا زاڵن، تەنانەت ئەوانیش وەک پێویست کاردانەوەیان نەبوو و هەڵوێستێکی ڕوونیان سەبارەت بەم بابەتە نەبوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تەنانەت ئەم ڕەوتە پێشکەوتنخوازانەش چەمکەکانی پارادایمی باڵادەستیان بەو شێوەیە تێپەڕاندووە، وەک هەمان ئەو ڕێبازەی کە بۆ نموونە لە پرسی حیجابدا هەبووە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم بابەتەیان بە لاوەکی دەزانی، وەک لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن بینیمان، ئەم بابەتە توانی هێزێکی کۆمەڵایەتی گەورە کۆبکاتەوە، هەمان ڕێباز بەرەو شارەکانی کوردستان دەبینین، بەڵام ناوچەکانی وەک کوردستان یان بەلوچستان لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕیدا نیشانیان دا کە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، پرسی مافی چارەی خۆنووسین، یان هەموو ئەو ڕووداوانەی کە بە گشتی لە پەراوێزدا ڕوودەدەن، دەتوانن چ ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە لە دیاریکردنی داهاتووی سیاسی ئێراندا ببینن."

 

لاڤین ئەمانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: " سەرەڕای ئەو هەموو بانگەشە و بەڵگەنامەیەکی بەرفراوان لە ساڵانی ڕابردوودا سەبارەت بە کۆڵبەری، ئەم تێڕوانینە جێی خۆیەتی، کۆمەڵکوژی و مردنی کۆڵبەران بە جۆرێک بەشێکە لە واقیعی کۆڵبەری و ئەم بیرۆکەیە بە جۆرێک قبوڵ دەکرێت، ئەم پرسە بووەتە هۆی بێهەستیاری لەسەر ئاستی گشتی و تەنانەت لە نێو ئۆپۆزسیۆنەکانیش سەبارەت بەم بابەتە بووەتە هۆکاری زیادبوونی ئەم حاڵەتانە، بەڵام بە گشتی پێویستە ڕەوتە پێشەنگەکانی ناو ناوەند لە خۆیان بپرسن کە لە هەموو ئەم ساڵانەدا چەندە لە ئازارەکانی خەڵکی پەراوێزەوە نزیک بوون، تا چ ڕادەیەک توانیان لە واقیع و کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵایەتیی ئازارەکانی ئەو کەسانە تێبگەن و لە داواکارییەکانی خەڵک لەو بوارانەدا وەک پێویست بە جۆرێک لە جۆرەکان تێبگەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ ئەم پرسانە، لەوانەش کوشتنی کۆڵبەران، دەتوانێت پێوەرێک بێت بۆ جیاکردنەوەی ڕەوتە پێشکەوتنخوازە ڕاستەقینەکان لە ناوەندگەرەکان و ناسیۆنالیستەکانی ئێران و دابینکردنی سەکۆیەک بۆ ئەو یەکگرتوویی و یەکڕیزییە کە پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ڕژێمی ئێران."