بەرزی پلەکانی گەرما لە زەریای ئەتڵەسی مەترسی لەسەر ماسییەکان دروست دەکات

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە نیوەی باکووری زەریای ئەتڵەسی فشاری خستوەتە سەر ماسیگرتنی ئێرلەندا، ڕەنگە هەندێک جۆری ماسی بەرەو باکوور بەرەو ئاوە فێنکەکان بڕۆن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆتایی مانگی تەمموزدا ئاوەکانی نیوەی باکووری زەریای ئەتڵەسی تێکڕای پلەی گەرمییان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی کە پێشتر تۆمار نەکرابوو، بەگوێرەی ئیدارەی ئۆقیانوس و بەرگەهەوای ئەمریکا پلەی گەرمی ئاوی سەرزەوی ٢٤.٩ پلەی سیلیزی تۆمارکرا.

 

شۆن ئۆدۆنۆیۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ماسیگرەکانی "کێلێپیگ" دەڵێت گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆگاکانی ماسی سپی وەکو ماسی کود هەیە، کە لە ژینگەی سارد توانای مانەوەیان دەبێت.

 

ماسیگرانی ئایسلەندی زیاتر ماسی "ماکرێل دەگرن"، لەکاتێکدا وڵاتانی تر زیاتر جۆرەکانی دیکەی وەک "ئەنجو و ساردین" دەگرن، کە بەزۆری لە ئاوە گەرمەکانی باشووردا دەبینرێن.

 

پلەکانی گەرما کە لە مانگی تەمموزدا تۆمارکراون جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە، چونکە زەریای ئەتڵەسی بەزۆری بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگی ئەیلولدا تۆمار دەکات.

 

لە مانگی حوزەیران، ئیدارەی ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمریکا شەپۆلێکی گەرمای دەریایی "توند"ی لە کەنارەکانی ئێرلەندا و بەریتانیا دەستنیشان کرد.

 

گلێن نۆلان کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئۆقیانووسناسی و کەشوهەوا لە دامەزراوەی دەریایی ئێرلەندا ئاماژەی بەوەداوە، لەم مانگەدا پلەکانی گەرما ٤ بۆ ٥ پلە بەرزتر بوون لەوەی کە بەزۆری لە وەرزەکانی هاویندا لە کەناراوەکانی ئێرلەندا بەدی دەکرێت.

 

لە کاتێکدا پلەکانی گەرما زۆر بەرز لە کەنداوەکانی کاونتی گالوای تۆمارکراون، گەیشتووەتە ٢٤.٥ پلەی سیلیزی، هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا.

 

کەرتی ماسیگرتن لە ئێرلەندا ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیکەی دیار دەبێتەوە کە دەرئەنجامەکانی دەرچوونی بەریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا، ئێرلەندا کە ئەندامی یەکێتی ئەورووپایە، تا ساڵی ٢٠٢٥ پشکی خۆی لە ڕاوکردنی ماسی بە ڕێژەی ٪ ١٥ کەمکردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بازرگانی لە کۆتا خولەکدا کە لەندەن و کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەنجامیانداوە.