بەردەوامی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەردەشت

ڕۆژی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە دارستانی نێوان گوندەکانی دیوالان و بەردەسوور کەوتەوە کە بە هاوکاری هاووڵاتیان  ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا و کوژێنرایەوە.

لارا گەوهەری

 

سەردەشت- لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە دارستانەکانی سەردەشت ئاگری بچووک و گەورەیان بەخۆوە بینیوە کە هۆکاری ئاگرەکە زیاتر پەیوەندی بە هۆکاری مرۆیی و مەبەستدارەوە هەیە.

 

ڕۆژی هەینی، ئاگرێکی گەورە لە دارستانی نێوان گوندەکانی دیوالان و بەردەسوور کەوتەوە کە زۆربەیان بە هاوکاری دانیشتوانی دیوالان و بەردەسوور و ئاغالان کۆنترۆڵکرابوون و کوژێنرانەوە، بەڵام ڕووبەرێکی زۆری ئەو دارستانانە لەگەڵ زیندەوەرانی ئەم ئیکۆسیستەمە قوربانی ئاگرەکە بوون.

 

سەبری.ک، یەکێک لە چالاکوانی ژینگەپارێزی شاری سەردەشت سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی ئەم ناوچەیە وتی: " وێرانکردنی دارستانەکانی سەردەشت ماوەی چەند ساڵێکە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژینگەی کوردستان بووە، بەڵام هیچ دامەزراوەیەک وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە، پێشتر حکومەت بە بەڵێنی بەخشینی زەوی هانی خەڵکی دەدا ئاگر لە دارستانەکان بەربدەن و ماوەی چەند ساڵێکە بەکرێگیراوانی حکومەت دەستیان کردووە بە ئاگردان لە دارستانەکە و لەناوبردنی، ئەگەر پێنج هێکتاریان سووتاند، حکومەت دوو هێکتاریان وەک زەوی کشتوکاڵی و باخ پێدەدات."

 

دارستانبڕین یەکێکە لە سیاسەتە مێژووییەکانی حکومەت لە کوردستان کە بەنیازە بە هەر شێوەیەک بێت پێشی بخات و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ب چەندین شێواز ئاگری لە دارستانەکانی سەردەشت بەرداوە.

 

هەرچەندە ئاگری ئەم ناوچەیەی سەردەشت کۆنترۆڵ کراوە و کوژراوەتەوە، بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە چەند شوێنێک سەرلەنوێ دەستی پێکردەوە، کە بە هاوکاری چالاکوانی ژینگەپارێزی ناوچەکە و خەڵکی گوندەکە کۆنترۆڵکرا.