چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئیدانەی تاڵیبان دەکەن

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ١٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە ئیدانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵیادی گرتنەدەستی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ١٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، لەوانەش هیومان ڕایتس وۆچ، لێبوردنی نێودەوڵەتی، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و چەند ڕێکخراوێکی دیکە ئیدانەی "زیادبوونی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ"یان کرد بەتایبەتی دژی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە.

 

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا جەختیان لەوە کردەوە کە تاڵیبان تادێت سیاسەتی سەرکوتکەرانەی بە تایبەت لە دژی ژنان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان جێبەجێ کردووە، ڕاگەیەندراوە کە تاڵیبان بە ئاشکرا پێشێلکارییەکانی لە ئەفغانستان ئەنجامدەدات بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ.

 

هەروەها بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە کردەوەکانی تاڵیبان دژی ژنان بە "جیاکاری جێندەری" بناسێنرێت، لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی تاڵیبان دەریکردووە، ئیدانەی دوورخستنەوەی ژنانی لە کۆمەڵگە کردووە.

 

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، تاڵیبان ژنانی لە هەموو چالاکییەکانیان بێبەش کردووە و جگە لەوەش یاسای توندی جێبەجێکردووە و هەر تاوانێکیش بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی ئەنجام دەدات.