سارا عومەر ڕۆمانی "مردوو شۆر" بڵاودەکاتەوە

سارا عومەر، نووسەر و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی زانستی سیاسی بۆ یەکەمجار بە‌ زمانی دانیمارکی رۆمانێک بە ناوی "مردوو شۆر" بڵاودەکاتەوە، بە گشتیی باسی ناهه‌قی ‌و ناهه‌مواری ژیانی مرۆڤی کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لووتکە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە پەڕەی فەرمی خۆیان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی سارا عومەر، نووسەر و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی زانستی سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، سارا عومەر بۆ یەکەمجارە بە‌ زمانی دانیمارکی رۆمانێک بە ناوی "مردوو شۆر" بڵاودەکاتەوە، بووەتە سەرنجی دانیمارکییەکان‌ و هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی ده‌رچونیەوە پێشوازێکی زۆر گەورەی لێکرا.

ڕۆمانەکەی بەهۆی پڕ فرۆشترین پەرتوک لە ماوەیەکی کەمدا چوەتە ڕیزبەندی باشترین كتێبەكانی ساڵەوە و لە ماوەیەكی کەمەدا زیاتر لە ٥٠ هەزار كۆپی لێ فرۆشراوە.

ڕۆمانەکە بە گشتیی باسی ناهه‌قی ‌و ناهه‌مواری ژیانی مرۆڤی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بەسەرهاتی ژیانی ژنێكی کۆچبەرە کە سەرەتاکانی تەمەنی لە ‌کوردستان ‌و بەشەکانی دیكەی دانیمارک بردووەتەسەر و پەیوەندیی بە‌ بابەتی پاراستنی شەرەف ‌و ناموسی خێزانەوە هەیە.

پەرتوکەکە ڕۆمانێکی بەرگریکردنە لە ژن کە وەک کەسێک کە خاوەنی ماف‌ و بەها‌و رێز‌ و جەستە‌ و هەست ‌و خواستی تایبەتی خۆیەتی، هەروەها بەرگریکردنە لە ژن کە ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکی دینیی ‌و کولتوریی‌ و کەلەپوریدا بە ئاستێکی بێ نرخ مامەڵە لەگەڵ ژن بکرێت.