لە ماوەی یەک مانگدا ژنکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیادیکردووە
لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ١٦ ژن و چوار منداڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون، ١٢ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە و هەشت ژنیش لە سێدارە دراون.
ناوەندی هەواڵ
پەرەسەندنی ژنکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تەنها قەیرانێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی پێکهاتە سیاسی و یاسایی و ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتەیە، پێداچوونەوەیەک بە کەیسەکانی کوشتنی ژن لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرێک لەم تاوانانە لە چوارچێوەیەکدا ڕوودەدەن کە ژنان بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەت و یاسا جیاکارییەکان و میکانیزمە ناکاریگەرەکانی دادپەروەری تاوانکارییەوە لە پاراستن دوورخراونەتەوە.
ئەم ڕاستییەا ژنکوژی لە ڕووداوێکی دابڕاوەوە دەگۆڕێت بۆ نیشاندەرێک بۆ سروشتی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، پەیوەندییەکە کە جەستە و ژیانی ژنان لە هەموو کاتێک زیاتر لە ژێر کاریگەری سیاسەتە فەرمییەکاندا لاوازتر دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە داتای بەردەست و شیکاری پسپۆڕان، ڕوانگەیەک دەخاتە ڕوو کە ژنکوژی نەک تەنها بە ڕەنگدانەوەی توندوتیژی خێزانی، بەڵکو بە بەرهەمی سیستەمێکی ئاڵۆزی بڕیارە سیاسییەکان، جیاکاری یاسایی، دامەزراوەکانی پشتیوانی لاواز و کەشوهەوای ئاسایشی باو دەزانێت، ئامانج لێی تیشک خستنە سەر ئەو ڕاستییەیە کە بێتوانایی سیستەمی یاسایی ئێران لە پێشگرتن و دادگاییکردنی کاریگەرانەی تاوانەکانی دژ بە ژنان خۆی بووەتە بەشێک لە سووڕی بەردەوامی توندوتیژی.
ئاژانسەکەمان مانگانە ڕاپۆرتێک لەسەر ئاماری کوشتن و گیان لەدەستدانی گوماناوی و هۆکارەکانیان بڵاودەکاتەوە، بەگوێرەی داتا کۆکراوەکان، مانگی ڕابردوو ١٦ ژن و چوار منداڵ کوژراون، ١٢ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە وهەشت ژنیش لەسێدارە دراون.
ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم، منداڵێکی کچی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری ئەحرامی شاری بوشێهر، بە هۆکارێک کە تا ئێستا ڕوون نییە، گیانی لەدەستدا، ڕۆژی دواتر گەنجێک لە تاران دایکی خۆی کوشت، کە دەوترێت بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە.
لە ٢٥ی تشرینی یەکەمیشدا، سێ ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویاندا: مەحبوبە جەلالی تەمەن ٣٨ ساڵ، لە شاری ڕودسەر، لە زیندانی ناوەندیی ڕەشت لە سێدارە درا، هەروەها تەرمی موبینا زارع دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن دەزگیرانی پێشوویەوە کوژرا، نێرگس ئەحمەدیش لە زیندانی قوم لە سێدارە درا.
لەیلا علیرمایی، تەمەن ٤٠ ساڵ، دایکی دوو منداڵ و هاوڵاتی مەریوان، لە ٢٦ی تشرینی یەکەم کوژرا، ئەویش بە هۆی ڕەتکردنەوەی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامێکی سوپای پاسداران، هەروەها دوای سێ ڕۆژ، کەتایون شەمسی لە زیندانی وەکیل ئاباد لە شاری مەشهەد لە سێدارە درا.
١ی تشرینی دووەم، میترا زەمانی دوای ئەوەی بە تاوانێکی هاوشێوە سزادرا، لە زیندانی خورەم ئاباد لە سێدارە درا، ڕۆژی دواتر ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕوویدا کاتێک میترا جەمالی تەمەن ٢٣ ساڵ دانیشتووی شاری داراب لە فارس لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا.
ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەم، نادیە مۆتەقی، پزیشکی تەمەن ٣٤ ساڵ، دانیشتووی شاری شیراز، بە هۆکارێک کە تا ئێستا نادیارە، گیانی لەدەستدا، هەرلەو ڕۆژەدا ماریا ڕەزایی، منداڵێکی کچ کە هاوڵاتی سەلاس پاوە جانی بوو لە هەلومەرجێکی نهێنیدا گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم، کوبری ڕەزایی لە زیندانی یەزد لەسێدارە درا، ڕۆژی دواتریش سەوسون تشهار شانپووری تەمەن ١٨ ساڵ، لەلایەن براکەیەوە کوژرا، کە گوایە بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە، ڕۆژێک دوای ئەویش سانوورعەزیزی هاوڵاتی مهاباد بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەم، تەرمی ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵ لە ڤێلایەکی شاری بالڤاسان دۆزرایەوە، ئەمەش دوای بیست ڕۆژ لە دیارنەمانی ژنەکە، کە دواتر دیاری کرا بەهۆی کێشەی داراییەوە لەلایەن هاوژینی خوشکەکەیەوە کوژراوە، هەر لەو ڕۆژەدا، ئەمیر عەباس ڕۆنمای تەمەن چوارساڵان، دانیشتووی شاری ڕۆدان بەندەر عەباس، لە ئەنجامی لێدانێکی توند کە بووە هۆی خوێنبەربوونی مێشکی لەسەر دەستی ئەندامێکی خێزانەکەی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ٨ی تشرینی دووەم، زەهرا میرغەفاری تەمەن ٤٣ ساڵ، دانیشتووی شاری هشتروود، لە زیندانی ناوەندی تەبرێز لەسێدارە درا، هەروەها گەنجێکی دانیشتووی گوندی ڕیحاناباد لە ورمێ، تاوانێکی ترسناکی ئەنجامدا، کە گوایە بە هۆی ناکۆکی خێزانییەوەبووە، کە دایکی بە ناوی فەرحەناز ئیمانی و خوشکەکەی سەنا سیادتیان و خەسووی کوشت، ڕۆژی دواتر لە تاران منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان کوژرا.
ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم، سەمەیە کورد، تەمەن ٣٢ ساڵ، دایکی چوارمنداڵ و هاوڵاتی زاهیدان، لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە هەلومەرجێکی نهێنیدا کوژرا، ڕۆژی دواتریش ژنێکی دانیشتووی بیرجەند لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە گوایە بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە بووە.
لە ١٤ی تشرینی دووەم، تاوانێکی ترسناک ئەنجامدرا کاتێک سارا شەمشادی دانیشتووی گوندی خۆشکەنوودان لە فومەن لە بەردەم منداڵە بچووکەکەی لەلایەن دایکی هاوژینەکەیەوە کوژرا، کە گوایە بە هۆی ناکۆکی خێزانیەوە بووە، ڕۆژی دواتر شادی ڕەحیمی، ژنێکی گەنجی هاوڵاتی بیجار، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
١٦ی تشرینی دووەم شاهیدی چەندین ڕووداوی دڵتەزێن بوو، مریەم تەقوی تەمەن ١٦ ساڵان، دانیشتووی شاری عەجەبشیر، بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا، شەوکەت وەیسی لە زیندانی دامغان لەسێدارە درا، پێدرام بارکی تەمەن شەش ساڵان، هاوڵاتی شاری مێهرستان، لە ئەنجامی تەقەی چەکداران گیانی لەدەستدا، هەروەها لە شاری مهاباد، هاوژینێک ژنەکەی دەکوژێت بە ناوی نەمام فەرنوش دوای ئەوەی داوای جیابوونەوە دەکات، فاتمە کەمالی، خوێندکاری ماستەر لە کیمیای نائۆرگانیک لە زانکۆی شیراز، لە بەشەناوخۆییەکەی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، لە ئابدانان، سپیدە فەرخشاهی لە هەلومەرجێکی نهێنیدا گیانی لەدەستدا.
لە ١٧ی تشرینی دووەمدا، ستایش باغبانی منداڵێکی کچی دانیشتووی تالش، لە هەلومەرجێکی نهێنیدا گیانی لەدەستدا، قەمەری عەباس زادە، تەمەن ٢٩ ساڵ لە زیندانی ناوەندیی ساری لەسێدارە درا، هەر لەو ڕۆژەدا سەبا فایەق، خوێندکاری شانۆی بوکەڵەی زانکۆی هونەری تاران بە هۆکاری نادیار گیانی لەدەستدا، ڕۆژی دواتریش، ژنێکی گەنجی هاوڵاتی تاران لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و بە بیانوی "کوشتنی شەرەف"، هەروەها سەراوان شایەتحاڵی تاوانێکی تر بوو کاتێک مەهسا زاهیدی، تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن هاوژینی خوشکەکەی کوژرا لە هەلومەرجێکی نهێنیدا.
ڕێکەوتی ١٩ی تشرینی دووەم، ڕەسمیە دەستاوەری، تەمەن ٧٥ ساڵ هاوڵاتی گوندی سەرتەنغ سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام بە هۆی هەژاری و سەختی بارودۆخی گوزەران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، هەر لەو ڕۆژەدا، هیوا جهانجری، ژنێکی گەنجی هاوڵاتی سەڵماسیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم، ئەسما کەریمدا دزەهی، تەمەن ١٨ ساڵ و هاوڵاتی گوندی جەشمە زیارەت لە زاهیدان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا، ڕۆژی دواتر، نەسا ڕاستکو، تەمەن ١٨ ساڵ وهاوڵاتی ورمێ، بە هۆی ناکۆکی بنەماڵەیی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.