سێ ژن کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستبەسەرکرابوون دوای هێرشکردنە سەر ڕادیۆ بەگوم بێسەروشوێنن

هێزەکانی هەواڵگری تاڵیبان کە هەموو ڕۆژێک بە کارە نامرۆڤەکانیان ناسراون، جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر بینای ڕادیۆی بەگوم و ستافەکەی دەستبەسەر کرد، ئەو سێ ژنەی لە ڕادیۆکە ڕاگیراون بێسەروشوێنن.

بەهاران لەهیب

 

کابول-تاڵیبان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکردووە و بەتایبەتیش ڕادیۆکانی داخستووە، ئامانجی کۆتایی ڕادیۆی بگوم بوو.

 

ڕادیۆ بەگوم دوای ئەوەی ئەفغانستان کەوتە دەست تاڵیبان دامەزراوە، ڕادیۆکە لەلایەن مەریەم ئیمینی ئەفغانی کە هاووڵاتییەکی فەرەنسییە، پارەی بۆ دابینکراوە، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە بە ئاگاداری تاڵیبان پەخشی دەکرد، بەڵام چەند ڕۆژێک پێش ئێستا یەکینەکانی هەواڵگری تاڵیبان هێرشیان کردە سەر بینای ڕادیۆکە، لە ڕۆژی هەڵمەتەکەدا کارگێڕانی ڕادیۆکە لە بیناکەدا نەبوون و کارمەندەکانی وەک هەمیشە کارەکانیان ئەنجام دەدا.

 

بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ڕۆژی هەڵکوتانە سەر ئەو ڕادیۆیە، لەگەڵ یەکێک لە کارمەندانی ڕادیۆکە بە ناوی (شەکوریە شەفا) قسەمان کردو وتی: بینای ڕادیۆکە نزیکەی کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی تاڵیبان گەمارۆدرا، ٦ ئەندامی چەکداری تاڵیبان هاتنە ژوورەوە و هەڕەشەیان لێکردین و سووکایەتییان پێکردین". بە زۆر ئێمەیان خستە ژوورێکەوە، پاشان هەموو گۆشەیەکی ئۆفیسەکەیان پشکنی، سەیری هەموو کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانمانیان کرد.

 

"ئەوان سێ هاوڕێکەمانیان برد و لەو ڕۆژەوە نەمانبینیون"

شەکوریە ڕوونی کردەوە کە تاڵیبان چەند کاتژمێرێک دەستبەسەری کردووە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردووەو وتی: دوای دوو کاتژمیر دوو ئەندامی تاڵیبان بە دەمانچە بەسەر ئێمەوە وەستان، دواتر چەند کەسێکی دیکە چوونە ژوورەوە و ناوەکانیان خوێندەوە لە لیستێکەوە کە پێشتر ئامادەیان کردبوو، ناوم لە لیستەکەدا بوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵ هەموو کەسێک کرد، سوکایەتییان پێکردن، و ویستیان زانیاری لەسەر خێزانەکانیان وەربگرن، ئەوان منیان برد بۆ ژوورێکی جیاواز، کاتێک مۆبایلەکەمیان پێدامەوە، وتیان دەبێت چاوەڕێ بکەین تا ئێوارە، ڕێگەیان پێداین بچینە دەرەوە، بەڵام لەو کاتەوە سێ هاوڕیمان نادیارن و نەمان بینیوون.

 

"هەمیشە گرژی لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا هەیە"

شەکوریە ئاماژەی بەوەدا کە تا ئەو جێگایەی کە دەیبینێت کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات لەناو تاڵیباندا هەیە و پێی وایە ئەمە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕژێمەکە و وتی: کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات لەناو تاڵیباندا هەیە، هەمیشە گرژی لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا هەیە، دڵنیام کاتێک ئەم ململانێ ناوخۆییانە بەردەوام بن بە خۆڕاگری خەڵک و بەتایبەتی ژنان، ئەوا ڕژێمی تاڵیبان کۆتایی دێت.