نێرگس محەمەدی: پەخشان و وریشە و شەریفە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە
نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، دەبێت ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ئێران بە تاوان بناسرێت و ڕابگیرێت، پەخشان، وریشە و شەریفە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسیی ئێران و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لەبارەی کۆبوونەوەی ڕۆژی رابردوو لە پەرلەمانی ئیتاڵیا سەبارەت بە “پێداچوونەوە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ” ڕایگەیاند، دەبێت ڕەگەزپەرستی و سزای لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ئێران بە تاوان بناسرێت و ڕابگیرێت، هەربۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتیوانی خەڵکی ئێران بکەن لە تێکۆشانەکانیان بۆ دیموکراسی و مافەکانی ژنان.
وتیشی، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە محەمەدی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە، بۆیە داوا لە پەرلەمانی ئیاڵیا دەکەم هەڵوێستی توند بەرامبەر بە سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران پیشان بدات و پرسی مافەکانی مرۆڤ لە پێشینەی کارەکانی دابنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە پاساوی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” ژنان سەرکووت دەکات، ژنانی هەراسان کردووە و دەستدرێژییان دەکاتە سەر و بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو شێوازانە بەکاردەهێنێت بۆ چەوساندنەوەی ژنان، ئێران گەورەترین بەربەستە لەبەردەم بەدەستهێنانی ئازادی و دادپەروەری خەڵکی ئێران.
هاوكات، نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئەویندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی تر زیندانییکردن سزا درایەوە.
جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕابردوودا نەشتەرگەری لابردنی گرێیەکی ئێسک لە بەشی سەرەوەی قاچ و بەستنەوەی ئێسک بۆ نێرگز محەمەدی ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا.