ئارمینۆهی و مارۆ لە کارێکی کولتووریدا نەمر بوون
دوو ژنی ئەرمەنی بە ناوەکانی ئارمینۆهی و مارۆ کە لە شەڕی دژ بە عوسمانییەکان نەمر بوون بەڵام لە مێژوودا ناویان نەهاتووە، بە کارێکی کولتووری لە بەشی پانۆرامای بیستراو یاد دەکرێنەوە.
حەسەکە
٢٤ی نیسانی ١٩١٤ وەک ئەو ڕۆژە ناسێنراوە کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەستی پێکرد، ئەم جینۆسایدە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤-١٩١٦، دژی ئەرمەنەکان، سریانیەکان، ئاشوریەکان و کلدانەکان ئەنجامدرا.
ئامانجی کۆمەڵکوژییەکە دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی ئەرمەنی بوو لە زێدی خۆیان و بنبڕکردنی ڕەگ و ڕیشەیان، زۆرێک لە وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم ڕووداوە بە 'جینۆساید' دەناسن، بەڵام تورکیا تا ئێستا ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردۆتەوە و بە فەرمی دانی پێدا نەناوە.
ناوەندی کولتووری ئەرمەنستانی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کارێکی هونەری دروست کرد، بەرهەمێک کە دەکەوێتە خانەی پانۆرامای بینراو و بیستراو کە هەم شانۆ، هەم سینەما، هەم نواندنی دەنگی و هەم هەڵپەڕکێ لەخۆدەگرێت.
”لە مێژووی نووسیندا نییە”
ناوی بەرهەمەکە ”ئارمینۆهی” ‘Arminohi’ ە، چونکە ژنێکی ئەرمەنی و شۆڕشگێڕە، لە کاتی جینۆسایددا بەرەنگاری دەوڵەتی عوسمانی بووەتەوە و گیانی لەدەستداوە، ئارمینۆهی زۆر کاری بۆ دۆزی گەلی ئەرمەنەکان کردووە، بەڵام چیرۆکەکەی لە مێژووی نووسراوی ئەرمەنەکاندا نەنووسراوە، بۆیە چیرۆکەکەی تا ئەمڕۆش بە شێوەی زارەکی گوازراوەتەوە.
ناوەندی کولتووری ئەرمەنستان ئەم چیرۆکەی گۆڕی بۆ کارێکی هونەری بەنرخ.
ئیزدیهار تاهیر، ئەندامی گروپی شانۆ لە ناوەندی کولتووری ئەرمەنستان سەبارەت بەم کارە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
ئارمینۆهی کێیە و چیرۆکەکەی چییە؟
ئیزدیهار تاهیر وتی: کارە هونەرییەکەمان چیرۆکی خاتوو کاتانجیان ”ئارمینۆهی”، ژنێکی ئەرمەنی دەگێڕێتەوە، ئەرمینۆهی لە ساڵی ١٩١٥ لە شاری ئورفای باکووری کوردستان لەلایەن سەربازانی عوسمانییەوە کوژرا، بە درێژایی جینۆسایدی ئەرمەنەکان ژیاوە، بەڵام ڕۆڵی پێشەنگی لە بەرخۆدان لە دژی جینۆسایددا گێڕاوە. بە ئامانجی شەڕکردن لەگەڵ عوسمانییەکان، کۆمەڵێک ژن پێکدەهێنێت بۆ ئەوەی لە لایەکی پیاوەکاندا بوەستن و کەرامەتیان بپارێزن.
”مارۆ و ئارمینۆهی ئەو ژنەن کە مێژوو چیرۆکی نەنووسین”

ئیزدیهار تاهیر ئاماژەی بەوەشکرد، نەک هەر ئارمینۆهی، ژنانی پێشەنگ لە مێژوودا زۆرن، بەڵام چیرۆکەکانیان نەنووسراون و کەس نازانێت کێن و خەباتیان چی بووە، وتیشی: لە ساڵی ١٨٨٧دا مارۆ یەکەم ژنی ئەرمەنی بوو کە پێشەنگایەتی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی ئەرمەنی کرد، وەک یەکەم ژن ناسراوە کە یەکەم پارتی ئەرمەنی دامەزراندووە، بۆیە دەوترێت لە مێژووی ئێمەدا تەنها یەک ئارمینۆهی نەبووە، هەروەها مارۆ وەک ئارمینۆهی لە مێژوودا نەنووسراوە، کەس نایانناسێت، چونکە مێژووی ئێمە هەمیشە سەرکوت کراوە و هێرشی توندی بەرکەوتووە، ئێمەش هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانمانەوە ئەو ژنانە بناسێنین بۆ ئەوەی مێژوو هەمیشە ئەوانی لەبیریان بێت.
”دەوڵەتی تورکیا نکۆڵی لە ڕاستییە خوێناوییەکەی دەکات بەڵام ئەرمەنییەکان لەبیری ناکەن”
ئیزدیهار باسی لەوەشکرد، جینۆسایدی ئەرمەنەکان لەلایەن چەند وڵاتێکەوە دانی پێدا نراوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا ئەو ڕاستییەی ڕەتکردووەتەوە و بکوژەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، هەروەها ڕاستە عوسمانییەکان بەشێکی زۆری گەلی ئەرمەنیان کۆمەڵکوژ کرد، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ نکۆڵی لە ڕاستییە خوێناوییەکەی دەکات، تەنانەت ئەگەر نکۆڵیشبکات، ئەرمەنەکان و نەوەکانیان، لەگەڵ نەوەکانی ئەمڕۆدا، ئەم دڕندەییەیان لەبیر نەکردووە، داواکاری ئێمە ئەوەیە کە دادپەروەری بەرەوپێش بچێت و داوای مافی گەلە جینۆسایدکراوەکەمان بکرێت، هەروەها داواکاری سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەرمەنییەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی دێرینیان کە ئەرمینیایە، ئەگەر لە سووریاش بژین، باشە مرۆڤەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە ئەرمینیا و لە یەکەم وڵاتی لەدایک بوون و ژیانی خۆیاندا بژین.
”پێویستە حکومەتی کاتی مافە بە هەموو گەلان بدات”
ئیزدیهار بارودۆخی ئەرمەنییەکان لە سووریا و داننان بە ماف و کولتوورەکانیان لە دەستووردا بەم شێوەیە ڕوون کردەوە: چاوەڕوان دەبین حکومەتی کاتی دان بە ماف و مێژوو و زمانی ئەرمەنییەکاندا بنێت، بەو پێیەی ئێمە هەموو گەلێکین لێرە پێکەوە دەژین، پێویستە حکومەت مافی هەموو نەتەوەکانیان پێبدات، نابێت خەڵک لە بەرامبەر یەکتردا بخرێنە چاڵێکەوە بۆ ئەوەی مێژووی یەکتر سەرکوت نەکەن.