ڕەشنووسی پێشنیارەکانی دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا
لە کۆتایی "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا" ڕەشنووسی پێشنیارەکانی لەلایەن ئامادەبووانە خرایەڕوو، ڕاگەیەندرا و جەخت کرایەوە کە باشووری کوردستان پێویستە ببێتە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان.
سلێمانی
"دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا"، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژە جیاوازەکان، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبوو، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد و بە ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی پێشنیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات،
سەرەتای دیدارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دوابەدوای ئەوە، وتاری دەستپێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێشکەشکرا و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها لە درێژەی دیدارەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە پێشکەشکرا و سڵاوی لە گەلی کورد لە باشووری کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، “باشووری کوردستان لە شەڕی داعش و تا ئەمڕۆ بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و ئەمەش جێگای ڕێزە".
لە درێژەی دیدارەکە پانێڵێک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، سیهانوک دیبو، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی پەیەدە، جاویدان کەمال، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان پێشکەشکرا و باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.
لە درێژەی دیدارەکەدا ئامادەبووان، پێشنیار و تێبینییان سەبارەت بە پرسی دیالۆگ لە سووریای نوێ و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان و شێوازەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.
لە کۆتاییدا دەرئەنجامی دیدارەکە لەلایەن نیکۆلا ئەشرەف شاڵی خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامدانی ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە دۆخی ڕۆژئاوا بە کاتێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و حکومەتی سووریاش لە قۆناغی راگوزەردایە، ئێمەش لەم دیدارەدا کۆمەڵێک پێشنیارمان خستەڕوو و لەم ڕەشنوسەدا لە ١٦ خاڵدا ڕایدەگەیەنین، ئەوانیش؛
-پشتیوانیکردنی بەرخۆدانی گەلەکەمان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و کارکردن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتری هەرێمی و نێودەوڵەتی.
٢/ یەکێتی نەتەوەیی و ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان و ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی و کۆدەنگی نێوماڵی کورد و یەکخستن،هەروەها بە یەک گووتار و سیاسەت و ستراتیژی یەکگرتوو بەشداری دانوستاندنەکانی دیمەشق بکرێت.
٣/ بەشداریکردنی کارای کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نووسینەوەی دەستووری نوێ لە سووریا و چاودێری جێبەجێکردنی.
٤/چەسپاندنی لامەرکەزی سیاسی بە دەسەڵاتێکیفراوانەوە.
٥/پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە و ڕێگەنەدان بە چەک دانانیان و چەسپاندنی ئەم هێزە نیشتمان پارێزە وەک خۆی لە چوارچێوەی سووپای نوێی سووریادا، دوای ڕێککەوتن لەسەر وردەکارییەکان و بە دامەزراوەییکردنی سووپای سووریای نوێ و وەرگرتنی گرەنتی دەستووری.
٦/کاراکردن و کارکردن بە بڕیاری ژمارە ٢٤ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەرچووە.
٧/سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانی باشوور و کۆی پارچەکانی تری کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانی.
٨/ بەشداری کارای ژنان لە سووریا و هێشتنەوەی بەشداریکردنی ٪٥٠ بە ٪٥٠.
٩/پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێت.
١٠/گرنگیدان بە کەرتەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و دۆخی ئابووری و بە نیشتمانیکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
١١/ڕەچاوکردن و بە هەند وەرگرتنی پێکهاتەکان و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و قبوڵکردنی یەکتری.
١٢/بوار نەدان بە پەرەسەندنی هزری توندڕەوی ئیسلامی سیاسی سەلەفی جیهادی.
١٣/دامەزراندنی میدیایەکی نیشتمانی فەرمی بۆ ئاڕاستەکردنی وتار و هەڵوێستی نەتەوەیی.
١٤/کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بە تایبەت دەروازەی سنووری سێمێلکا.
١٥/دروستکردنی ڕایگشتی جیهانی لە ڕیگەی بە لپبی کردن بۆ پشتگیریکردن لە ئەزمونی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک.
١٦/پیویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە.