ڕێزان نورەدین: مێژووی کوردستان بەبێ ڕۆڵی ژنان ناتەواوە
بەدرێژایی مێژوو ژنانی کورد وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە ژیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە، ژنان تەنها بەشداربووی بزووتنەوەکان نەبوون، بەڵکو لە زۆر قۆناغی مێژووییدا لە بەڕێوەبردن، بەرخودان، پاراستنی ناسنامە بەشداربوون.
دێرین ڕەحیم
سلێمانی-لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵی ژنانیش شێوەی جۆراوجۆری وەرگرتووە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە بۆ خوێندن و نووسین، ڕاگەیاندن، خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەشداری لە بزووتنەوەکانی کوردستان، ئەم بەشدارییە مێژووییە، ژنان وەک بەشێکی گرنگ لە دروستکردن و پاراستنی مێژوو و ناسنامەی کوردی پیشان دەدات، بەدرێژایی مێژوو ژنانی کورد وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لە ژیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا ڕۆڵێکی کاریگەرییان گێڕاوە و لە سەرکردایەتی خێڵەکییەوە تا بەشداریکردنی چەکداری و سیاسی، رۆڵی ئەوان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندا دیارە، ژنانی کورد لە مێژوودا تەنها سنووردرا نەبووە بە ژیانی ناوماڵ، بەڵکو لە کایەکانی سیاسەت، ئەدەب و زانستدا شوێنپەنجەی دیاریان هەبووە.
"لەکاتە مێژووییەکاندا ژنان پاڵپشت بوون"
ڕێزان نورەدین، مامۆستا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی:مێژووی ڕزگاری کوردستان بیئەوەی ناوی ژنانی کوردستانی تێدابێت، مێژوویەکی ناتەواوە، چونکە ئێمە دەزانین ئەو ژنانەشی وابەدەگمەن دەرکەوتوون نووسینیان کردووە، ژنانێکمان هەیە کە پاڵ پشت و یارمەتیدەربوون لەزۆرێک لەکاتە مێژوویەکاندا، خزمەتی خەباتی کوردیان کردووە زۆرێک ژنانی کورد لەمێژوودا جێگە دەستیان دیارە، هەم بەشێوازی سەرکردایەتی و بەشێوازی نووسین کەسانێکن توانیویانە تا ئاستێکی باش کەسایەتی ژنی کورد بۆخۆیان بگەڕێننەوە، جیاوازی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە هیچ کات نەیانوویستووە لەپەراوێزدابن لەژنە ناودارەکانی کورد ''قەدەم خێر و خانزادی میری سۆرانم"ان هەیە کەلەپاش کوشتنی براکەیی بەدەستی دوژمن خۆیی سەرکردایەتی میرنشینەکە دەگرێتە ئەستۆ و خۆیی بۆ ماوەی حەوت ساڵ میرنشینەکەی بەڕیوەبردووە، یەکێک لەژنە قارەمانەکانی تر مەستوورەی ئەردەلانە هەم مێژوونووس و شاعیر بووە، مەستوورە ژنێک بووە هەتا ئەوکات ژنان کەمتر دەرکەوتوون بۆ نووسین دەستی دابێتە نووسین و ژنانە نووسبێتی، چونکە تاو ئەوکاتە ژنان دەست بە پێنووس نەبوون و نەیانووسیووە، هاوکات خاتوو جیهان پاوەییمان هەیە بەزاراوەی هەورامی هۆنراوە دەنووسێت باسی ئازاری دابڕانی کردووە، ئایا ژنانی سەرکردە هیچ کارێکیان کردووە لەگۆڕانکاری کۆمەلایەتی و ئازاریی ژنان بناسرێت حەپسەخانی نەقیب کە لەسەدەیی بیستەمدا هاوکاری شێخ مەحمودی حەفید بووە،لەخەباتەکەیدا هەمیشە پاڵپشتی کردوە کارێکی گەورە و لەبیرنەکراوی کردووە خوێندنگەیی بۆ ژنانی کورد کردۆتەوە خۆیی دانەبەدانە چووە لەدەرگای ماڵی ژنانی داوە کۆیکردوونەتەوە و هێناونیتیە لەبەر خوێندن، کۆمەڵەی ژنانی دامەزراندووە ئەمە کارێکی تایبەتە لەوکاتەدا کردوویەتی وەک ئەوەی بڵێت ژنان پێویستە خاوەنی دەنگی خۆیان بن، ڕاستە هاوکاری بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەیی نەتەوەیی کوردین بەلام پێویستە دەنگی خۆمان بێت، چەندین دەیە لەمەوپێش عادیلە خانمان هەیە لەشاری هەڵەبجە کە توانیوویەتی ساڵانێکی بەباشی شاری هەڵەبجە بەڕێوەبەرێت وەک سەرکردەیەکی باش خاوەن بیروبۆچوونێکی سیاسی باش، ئەگەر وەک دایکێکیش ناوی ببەین پەروەردەکردنی تایەر بەگی جاف و ئەحمەد موختار بەگی جاف کەسانێکی زۆر سەرکەوتوو بوون.
''لە سەدەکانەوە تا ئەمڕۆ؛ ژنان و ڕۆڵیان لە خەباتی کوردستان هەبووە''
ڕێزان نورەدین ئەوەشی خستەڕوو، ژنان ئەو هەلەیان بۆ هەڵکەوتووە کەسەرکردایەتی بکەن بەدەر لەهاوکار بوون و پاڵپشی سەرکردایەتیشیان کردووە''عادیلەخان وحەپسەخانی نەقیب'' لەسەدەیی شانزەدا خانزادی میری سۆرانمان هەیە ئەگەر کەسانێک لەم نێوانەدا هەن کاری جیاجیایان کردووە، فاتە ڕەش لەباکوور خاتوو ئایشە گروکە لەشاری کۆیە، کەسانی وەک لەیلا قاسمان هەیە کەبەبیروباوەڕی خۆی و بەخوێندەواری توانیوویەتی لێکدانەوە بکات بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی، ئەمە خاڵێکی زێرینی تێکۆشانی ژنانە، مێژوویەکە لەیلا قاسم خولقاندوویەتی، پێشووترەکان قەدەم خێر هەڵکەووتوە هەروەها شەڕی کردووە چەکداری کردووە لەکاتی خۆیدا، ئەویش سەرکەووتوبوە، ئەو ژنانەی کەهەلیان بۆ هەڵکەوتبێت و بووبێتن بەسەرکردە ئەگەر ماوەکەشیان کورت بووبێت بەسەرکەوتووی سەرکردایەتیان کردووە، سەردەمانێک کەسانێک بەڕیوەبەربوون لەبواری سیاسی و سەرکردایەتی و نووسین هەربوارێکیتر کە ناوی ببەیت، بەچەند سەدەیەک پێش ئێستا ژنان خۆیان بیریان لە بارودۆخی کەسایەتی خۆیان کردۆتەوەکە بۆچی ئایا پیاوانێک هەن کەهەر وەک ئەوان لەزەمانی ئەوان یان لەبنەماڵەیەک گەورەبوون، بۆ ئەوان دەبن بەسەرکردە و مێژوونووس و شاعیر، ئەمان نابن بەوەرچەرخانی سەدەکان و بەگۆڕانکارییە زۆرەکان کە هاتۆتە ئاراوە، مرۆڤایەتی بەچەند قۆناغی گەورەدا تێپەڕیووە کەبەربەستی گەورە گەورە بوون لەبەردەم ژنان بۆ خۆ دەرخستنیان، لەکوردستانیشدا هەمان کێشەمان هەیە بەڵام کاتێک ژنان خۆیان بە هۆشیاریە گەیشتن یەکەم کەسەکانمان کە دەردەکەون لەمیرنشینەکاندا دەردەکەون، کەسانێکن کەجێگەو پێگەی ئابووریان باشە بۆیە دەتوانن دەربکەون چ لەبواری نووسین و سەرکردایەتی ئەمەش نابێتە هۆکاری ئەوەی کەژنان کەم بوون، ژنان تاڕەدایەکی زۆر پاڵپشت و هاندەری پیاوان بوون لەبزووتنەوە نەتەوایەتیە سیاسیەکاندا، دەرکەوتینان لەمێژوودا بەهەند وەرناگیرێت هۆکار زۆرە میژوو نووسەکانمان زیاتر پیاون و کولتووری پیاو سالاری باڵی بەسەر ژناندا کێشاوە ئەمانە ڕێگربوون لەبەردەم ژنان لەدەرکەوتنیاندا.
"ژنان دەیانەوێت خۆیان بەرهەمهێنەری مێژوو بن"
وتیشی: جۆرێک لەبیرخستنەوەیە لەبەشداری کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان، ژنانی کورد بەئاستێکی چالاک بەشداربوون لەبەرهەم هێنانی ئابووری بنەماڵە و خێزان و خێل، ژنان لەکۆمەڵگەی کشتوکاڵیدا دەستێکی باڵایان هەبووە لەبەرهەمهێنان، ژنانی کورد بەتایبەتی ژنانێک بوون دەستەوەستان نەبوون زاوەنی بەرهەمی خۆیان بوون، ئەمانەش دەتوانێت هۆکاربێت لەوانەیە لەبوارە گرنگەکاندا کەدواتر بۆ مێژوو ماوەتەوە، ژنان بەو ئاستەو بەو ڕادەیە نەکەوتبێتنە بەرچاو، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆلای مەستوورەی ئەردەڵان باسی مێژووی میرنشینی ئەردەڵان دەکات مێژوویەکی ڕاستگۆیانە باس دەکات، زۆر نەپرژاوەتەسەر ئەوەی ژنان چیان بەسەر هاتووە یان باسکەری ئازاری ژنان بێت، بەگشتی باسی هەمووی کردووە، خۆشی بەرکەوتەی هەمان کێشە و گرفتی میرنشینەکان بووە، کۆتایی ژیانیشی لەسنە نابێت و لەشاری سلێمانی دەبێت، لەسەدەی نوێداو لەسەردەمی مودێرنیدەدا ژنانمان چ بەشێوەی سیاسی یان نووسین دەپرژێنەسەر بابەتی ژنان، لەباشوور خاتوو مارگرێت یەکەم پێشمەرگەی ژنان دەبێت، لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانمان لەدەیەی هەشتادا چەکدار و فەرماندەیی سەربازی بوون، هەروەها لەسەدەی بیست ویەکدا خەباتی چەکداری ژنانی ڕۆژئاوا زۆر لەئاستێکی بەربڵاو بەرچاودایە، ژنان بەشێوەی چەکداری بەم شێوازە خەباتیان کردووە بەشیوەی نووسین و ئەدەب و ڕۆشنبیرش ئەم کەسانە زۆرن کەباسی ئازارەکانی ژنان دەکەن، ژیانیان بۆ ئەوە داناوە چالاکی بۆ بواری ژنان دەکەن.
مامۆستا ڕێزان نورەدین لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، خەباتی ژن تەنها نەبەسراوەتەوە بە ڕەگەزەکەیەوە لەکوردستان چونکە نەتەوەیەکین دەچەوسێینەوە بەدەستی وڵاتە زلهێزەکان کە کوردی تێدا دەژی، جارێک نەتەوەکەی دەچەوسێتەوە جارێک بەدەستی هزری پیاوسالاری دەچەوسێتەوە، چەوسانەوەیەکی تریش هەیە چەوسانەوەی ئابووریە کەواتە ژنی کورد لەگەڵ ئەم چەند ڕەهەند چەوسێنەرەوەیەدا دژیان خەبات دەکات، لەئێستادا ژنان رۆشنبیرن و دەنووسن چ لەبەرهەمهێنانی ئەدەبیدا بێت چ لە توێژینەوەدا بێت لەگۆڤارە ناسیاوەکانی دونیادا توێژینەوەکانیان بلاوبێتەوە چ ئەکتەربن یان ڕۆژنامەنووس بن، هەموویان بەجۆرێک لەجۆرەکان هەوڵدەدەن کەکێشەی ژنان ببیندرێت، هەوڵێکی باش لەئارادایە کەژنان لەقوربانیدان دەربێن، ژنان دەیانەوێت کەسایەتی خۆیان هەبێت کەسایەتی و شوناسی خۆیی هەبێت و لەقوربانی بوون دەربچێت، خۆیی بەرهەمهێنەری مێژوو بێت لەم سەردەمەدا.