دەرکردنی سزای چوار ساڵ زیندانیکردن بۆ سیاسەتمەداری تونس ئولفە حامدی
دادگای سەربازی لە تونس سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئولفە حامدی، چالاکوانی سیاسیدا سەپاند، لەسەر پاشخانی دژایەتیکردنی دەسەڵات لە وڵاتدا.
ناوەندی هەواڵ
دادگای سەربازیی تونس، ٢١ی تشرینی یەکەم، سزای چوار ساڵ زیندانیکردن و غەرامەیەکی دارایی بە بڕی نزیکەی ١٢ هەزار یۆرۆی بەسەر ئولفە حامدی، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیدا سەپاند، بە تۆمەتی "پیلانگێڕی دژی ئاسایشی دەوڵەت" و "هاندانی سەربازی بۆ سەرپێچیکردن".
ئەکرەم موسا، پارێزەرەکەی وتی: ئەم سزایانە جێگەی تانەدانن، لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی لێپێچینەوە لە تونس لە دژی دەیان نەیاری سیاسی تونسی لە دوای چەسپاندنی دەسەڵاتی سەرۆک قەیس سەعید لە ساڵی ٢٠٢١، لە کاتێکدایە کە ڕەخنەی مافەکانی مرۆڤ لەسەر دابەزینی ئازادییەکان لە وڵاتەکەدا دەگیرێت.
بەرامبەر ئولفە حامدی، کە خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٤ ڕاگەیاندبوو، بڕیارێکی دادوەریی پێشووتر لەلایەن دادگای سەربازییەوە بۆ سزای دوو ساڵ زیندانیکردن دەرچوو بوو، پێش ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ڕابردوودا لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی "تونس قرتاج" دەستگیر بكرێت، تۆمەتەکان پەیوەندییان بە بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "فەیسبووک"ەوە هەبوو کە تێیدا ڕەخنەی لە قەیس سەعید، سەرۆکی تونس و سوپا گڕتبوو.
ئولفە حامدی، کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تونسی ـ ئەمریکییە، بۆ ماوەیەکی کورت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا پۆستی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تونس "تونس ئێیر"ی بەڕێوە بردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا پارتی "کۆماری سێیەم"ی دامەزراند و ڕەخنەگرێکی توندی سیاسەتەکانی سەرۆک قەیس سەعید بوو کە دەسەڵاتەکانی وڵاتی قۆرخ کردووە.
لە سایەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دەیان کەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە تونس و دەرکردنی سزای توند بەسەریاندا، ڕێکخراوە دادپەروەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان ڕەخنەیان ئاراستەی پاشەکشەی ئازادییەکان لە تونس کردووە.