"پێویستی بە هاودەنگییەکی هاوبەشی ژنان هەیە"

تەمارا حەداد، شرۆڤەکاری سیاسی سەرنجی بۆ دۆخی ژنان لە غەززە و سووریا ڕاکێشا و وتی: ژنان لە هەردوو هەرێم زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشانە و بەدیهێنانی دادپەروەری، هاودەنگی پێویستە.

نەغم کەراجە

 

غەززە- ژنان لە سووریا و غەززە قورسترین بارگرانی ژیانیان لە ئەستۆدایە لە ئەنجامی ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، بارودۆخی مرۆڤایەتی و ژیانیان سەختتر بووە، ڕووبەڕووی پشتگوێخستن و لەدەستدانی ئازیزان و نائاسایش دەبنەوە، لە سووریا ئایندەی ژنان هێشتا لە مەترسیدایە و لە غەززەش سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ژنان لە پاڵپشتی بێبەشن لە نێوان وێرانکاری و دەرفەتە سنووردارەکانی ژیاندا.

 

تەمارا حەداد، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ ئاژانسەکەمان باسی لە دۆخی ژنان لە غەززە و سووریا و هەروەها واقیع و داهاتوویان لە ناوچەکەدا کردو جەختی لە گرنگی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کردەوە کە پاراستنی مافەکانی ژنان لە توندوتیژی و پشتگوێخستن مسۆگەر بکات.

 

"ئازاری ژنانی فەلەستینی بەهۆی شەڕەوەیە"

تەمارا حەداد سەرنجی بۆ بارودۆخ و واقیعی ژنان لە غەززە ڕاکێشا و وتی: ژنان لە غەززە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە، بارودۆخی ئابووری و ژیانیان خراپ بووە، و زۆربەیان بەهۆی لەدەستدانی خێزانەکانیانەوە لە ئێش و ئازاردان، لە هەمانکاتدا نەبوونی شوێنی حەوانەوە و ئاسایشی خۆراک سەختییەکان زیاتر دەکات.

 

"سەرەڕای ئاستەنگەکان، ژنانی فەلەستینی بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ"

تەمارا حەداد ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکان، ژنانی فەلەستینی بەرپرسیارێتی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ دەگرن و وتی: ژنان هێشتا پاراستنی کۆمەڵایەتی وەک ئەرکێک بۆ خۆیان دەبینن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی عەرەبی لە تاقیکردنەوەیەکدان کە یان مامەڵە دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، یان بێدەنگ دەبن، ئەمەش تەنها وێرانکاری و ئازارەکان زیاتر دەکات، ڕۆژانی داھاتوو دۆخی غەززە و ئایندەی ژنانی ئەو وڵاتە دیاری دەکات یان ھیوای ئاوەدانکردنەوە و ئاشتی بەدی دێت، یان ئەم شارە و خەڵکەکەی دەبنە دیلی ململانێ سیاسییەکان کە پێناچێت بەم زووانە کۆتایی پێبێت.

 

"ڕۆڵی ژنانی سووریا سنووردار بووە"

لە درێژەی قسەکانیدا، تەمارا حەداد سەرنجی بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕ و ململانێیانە ڕاکێشا کە لە سووریا ڕوویانداوەو وتی: ئەو شەڕەی کە لە سووریا ڕوویداوە، چ لە نێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن یان بەهۆی دەستێوەردانەکانی ناوخۆییەوە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژنان هەبووە و پاشەکشەی کردووە، ژنان ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت و نادادپەروەرانە بوونەتەوە، ژنانی سووریا بەشێکی جەوهەریی کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان بوون، هیچ ڕۆڵێک یان ئامادەبوونی ژنان لەم بوارانەدا دیار نییە. شەڕەکە ڕۆڵی ژنانی لە کۆمەڵگەی سووریادا سنووردار کردووە.

 

"پێویستی بە هاودەنگی هەیە"

 

لە پێناو بەهێزکردنی ژنانی سووریا لە قۆناغی داهاتوودا، تەمارا حەدادباسی لەوەکرد، هەنگاوی گرنگ پێویستە و وتی: پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی ئامادە بکرێت کە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و پشتگوێخستن مسۆگەر بکات، هەروەها بەرەوپێشبردنی بەشداریکردنیان لە کایەی ئابووری و سیاسیدا، یاسا و دامەزراوەکانی چاودێریکردن دەبێت گرنگی بە دۆخی ژنان بدەن و مافەکانیان بپارێزن بۆ کارکردن و پەروەردە و بەشداری سیاسی، جگە لەوەش میدیاکان ڕۆڵی بنەڕەتیش دەگێڕن، گەشەپێدانی ژنان، جگە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە مافەکانی ژنان، پێویستە میدیاکان سەرنجی خۆیان بۆ دەستکەوتەکانی ژنان و ڕۆڵەکانیان لە کۆمەڵگادا ڕابکێشن بۆ ئەوەی یەکسانی و دادپەروەری بۆ ژنانی سووریا بەدیبهێنرێت، هاوکاری پێویستە و هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەش بە سیاسەتمەداران و پارێزەران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە بەشداری بکەن.

 

"دۆخی نالەباری ژنانی فەلەستینی و سووریا دێتە پێشەوە"

تەمارا حەداد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئازارەکانی ژنان لە سووریا و غەززە، دەرخەری ڕادەی ئەو قەیرانە مرۆییانەیە کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانی بەردەوامەوە بەجێیان هێشتووە، ژنان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەدەستدانی ماف و ئاسایشم سەرەڕای ئەم سەختییانە، بەرخۆدانی ژنانی فەلەستینی و سووریا لە بەرامبەر هەموو ئاستەنگەکاندا دیارە.