پەخشکردنی پەیامی مێژوویی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان؛ ساتێکی چارەنووسساز بۆ پرۆسەی ئاشتی
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی دوای دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەمڕۆ لە ئەستەنبوڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پەیامی مێژوویی ڕێبەر بڵاودەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٧ی شوبات، شاندی ئیمراڵی دەم پارتی سێیەمین دیداری خۆی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی ئەنجام دا، شاندی ئیمراڵی دوای دیدارەکە کاتژمێر ٥:٠٠ی پشنیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆ، لە ئەستەنبوڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدات و پەیامی ڕێبەر دەگەیەنیت.
بۆ ئەم لێدوانە مێژووییە شاشەی LED لە شارەکانی ئەستەنبوڵ، ئامەد، وان، قامیشلۆ، کۆبانی، حەسەکە و سلێمانی دادەنرێت و بەیاننامەکە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت، لە ئەوروپاش شاشە لە ناوەندە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکانی کورد دادەنرێت.
٧ کەس بەشداری دیدارەکەیان کردوو جگە لە پەروین بۆڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، شاندەکە لە تولای هاتمئۆغولاری، تونجر باقرهان، ئەحمەد تورک، ، جەنگیز چیچەک، و فایەک ئۆزگور ئۆزال لەخۆگرتبوو.
لە شارەکانی ئامەد لە گۆڕەپانی شێخ سەعید و وان لە گۆڕەپانی شارەکە شاشەی گەورە لە سەرتاسەری شار داندراون و پەیامەکە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت.
شاندی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی پەروین بۆڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەوە و پەیامی مێژوویی ٧ خاڵەکەی لەگەڵ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
دوای ئەم دیدارە، لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان، خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ پارت و گروپەکانی نوێنەرایەتی لە پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکرد و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی گەیەندرا، دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سیاسەتمەدارانی زیندانیکراوی تورکیە، شاندی ئیمراڵی لە ٢٢ی کانوونی دووەم سەردانێکی دیکەی بۆ دوورگەی ئیمراڵی ئەنجامدا.
دوابەدوای دیداری دووەم لە ئیمراڵی و لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شاندێک بۆ دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە باشووری کوردستان پێکهێندرا. لەم شاندەدا، پەروین بۆڵدان و سڕی سۆرەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی، کەسکین بایندەر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، ئۆزگور ئەڕۆل و ئیبراهیم بیلمەز، پارێزەرانی فەرمانگەی یاسایی سەدە، بەردان ئۆزتورک، هاووتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتک، گوڵجان کاچماز سەیگیت و مەهمەت کاماچ وەک ئەندامی پەرلەمان ئامادەبوون.
شاندەکە لە سەردانێکی چوار ڕۆژەدا بۆ هەولێر و سلێمانی کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامدا، لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی قسەیان کردووە و لە شاری سلێمانیش لەگەڵ قوباد و بافڵ تاڵەبانی و هەروەها سیاسەتمەداری دیار شەهناز ئیبراهیم کۆبوونەتەوە.