نێرگس محەمەدی و ٧ چالاکوان دەستبەسەر کران

نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانان سپیدە قولیان و بوران نازمی لەناو ٨ چالاکواندان کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خوسرۆ عەلی کوردی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و چالاکوانان سپیدە قولیان و بوران نازمی دوێنێ ١٢ی کانوونی یەکەم لە مەشهەد لە کاتی بەشداریکردن لە مەراسیمی یادی خوسرۆ عەلی کوردی دەستبەسەر کران.

 

دامەزراوەی نێرگس محەمەدی دەستبەسەرکردنی نێرگس محەمەدی پشتڕاستکردەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە شوێنی دەستگیرکردنی و بارودۆخی تەندروستی نەدا.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکان، جگە لەو سێ چالاکە کە باس کراون، ئەسەدوڵا فەهیمی، هەستی ئەمیری، عەلیە مەتابڵزادە و مەرزیە عەدینزادە، خوشکی ئەبوولفەزڵ ئەدینزادە کە لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کوژراوە و باوکیان عەلی ئەدینزادەش دەستبەسەر کراون.

 

سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە کە پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ ناوچەکە، هەندێک کەسی نەناسراو هەوڵیان داوە ڕێگری لە قسەکردن لە نێرگس محەمەدی و سپیدە قولیان بکەن، بەڵام ئەم هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.