"نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان بە تێکۆشان مسۆگەرە"
ئارزو تەمۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبارەی ئاستی تێکۆشانی ژنان لە بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان ڕایگەیاند، ئازادی لە ڕێگەی تێکۆشانەوە مسۆگەر دەبێت.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- لە جیهانێکدا کە بە پێشهاتە سەرسوڕهێنەرەکانی مرۆڤایەتی بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت، هێشتا دۆخی سەلامەتی و ئاسایشی ژنان لە ژێر سفردایە، تا ئێستاش ٢٧%ی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا تووشی توندوتیژی دەبن و ئەمەش ژمارەیەکی ترسناکە بە بەراورد بەو ساڵانەی مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕیوە.
هەرچەندە ئاستی توندوتیژی لە جیهاندا بەرەو زیادبوون دەچێت، بەڵام هەوڵدانیش بۆ پاراستنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان هەیە.
ئارزۆ تەمۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا دژ بە توندوتیژی دژی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەبارەت بەم بابەتە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
ئاستی توندوتیژی لە هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤
لە سەرەتای قسەکانیدا ئارزۆ تەمۆ ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی توندوتیژی دژی ژنان لە کانتۆنی جزیرە لەمساڵدا کەمتر بووە، ئەمەش نیشانەیەکی باشە بۆ دەرئەنجامی کارەکان، بەڵام هێشتا ئاستەنگی لە ئارادایە لە ناوچەی فورات و وتی: هێشتا توندوتیژی لە ناوچەی فورات بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاسای خێزان کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری پەسەندکراوە هەیە، ئێمە لە ڕێگەی یاسادانان و چالاککردنی فەرمانگەکانمان لەوێ کاردەکەین بۆ سنووردارکردن یان نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، بێگومان نەریتەکانی کۆمەڵگە خەریکە دەبنە بەربەست لەبەردەممان و بۆ تێپەڕاندنیان، کات پێویستە.
"سیستمی هاوسەرۆکایەتی و بە سوپابوونی ژنان"
ئارزۆ تەمۆ سەرنجی بۆ سیستمی هاوسەرۆکایەتی ڕاکێشا و وتی: لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشدارییان کردووە، دوای چەندین ساڵ لە چەوساندنەوە، سیستمی هاوسەرۆکایەتی دامەزراو و بوو بە بنەمایەک بۆ چالاککردنی ڕۆڵی ژنان و بەدەستهێنانی مافە یەکسانەکانیان، ئەمە یەکەم سیستم بوو کە لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا و کاریگەری لەسەر ژنان و کۆمەڵگە هەبوو، لە لایەکی دیکەوە پێکهێنانی سوپای ژنانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"ش هەنگاوێکی مێژووییە بۆ دۆزی ئێمە، یەکەم نموونە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جەختی لەسەر بوونی ژنان دەکردەوە، هەروەها سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و یەکسان و هاوبەش دەتوانێت لەم ساتەدا یارمەتیدەر بێت.
"شۆڕشی ئایدیۆلۆژی پێویستی بە تێکۆشانی گەورەیە"
ئارزۆ تەمۆ ڕایگەیاند، دوای شۆڕشی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێستا بە گۆڕینی هۆشیاری دەوڵەت-پیاو و شۆڕشی ئایدیۆلۆژی دەستی کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: شۆڕشی ئایدیۆلۆژی لە شۆڕشی سەربازی قورسترە، چونکە نەریتی کۆمەڵایەتی پیاوسالاری هەیە کە هەزاران ساڵە بەڕێوە دەچێت و ئەستەمە لە ماوەیەکی کورتدا بگۆڕدرێت، بە چاوی سووک سەیرکردنی ژنان و سەرکوتکردنی مافەکانیان ڕێگری دەکات لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ئێمە تەنها ژنان بۆ گۆڕانکاری ژنان ئامانجمان نین، هەردوو ڕەگەزەکە لە ڕێگەی سیمینار و پەروەردەو کۆبوونەوەکانەوە پێکەوە پەروەردە دەکرێن.
"توندوتیژی دژی ژنان بە شێوازی نوێ ئەنجام دەدرێت"
ئارزۆ تەمۆ ئاماژەی بەوەدا، توندوتیژی تەنها لێدان یان ئەشکەنجەدان نییە و جۆرەکانی توندوتیژی بەم شێوەیەی خستۆتە ڕوو: توندوتیژی زۆر جۆری هەیە وەک توندوتیژی زمان، زایەندی، دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتد، یەکێک لەو جۆرە توندوتیژیانەی کە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ هێرشی سیستماتیکی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ژنان، بە تایبەت ژنانی پێشەنگە، ڕۆژانە ژنان بە فڕۆکەی تورکیا شەهید دەبن، هەوڵی قڕکردنی ژنان لەلایەن دوژمنەوە هەیە، جگە لەوەش حکومەتی شام ماوەیەکی زۆرە سیاسەتی چەوساندنەوە لە دژی ژنان پەیڕەو دەکات، هەروەها ژنان له لایەن خێزانەوە توندوتیژی دەکرێتە سەریان.
لە هەمانکاتدا ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێت و کۆچکردنی زۆرەملێی ژنان یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی، سەدان هەزار ژن ناچار بوون کۆچ بکەن، لە ژێر کامپ لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون. جگە لە گەمارۆی سەر هەرێم، ژنان لە ژێر چادرەکاندا تووشی سەختییەکی گەورە دەبن و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هاوکار نابن، دەنگی خۆیان بۆ ئەو تاوانانە بەرز ناکەنەوە کە لە شارە داگیرکراوەکانیان ئەنجام دەدرێن، دۆخی ئابووریش پەیوەندی بەوەوە هەیە، ژنان تووشی توندوتیژی ئابووری دەبن، سیستمی دەسەڵاتداری دەیەوێت ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە بە لاوازی بمێننەوە و لە ژێر سێبەری پیاودا بژین.
"تێکۆشانی ژنان دژی توندوتیژی ئابووری"
ئارزۆ تەمۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان بە کاری هەرەوەزی و هاوبەش دژی توندوتیژی ئابووری تێکۆشان و وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیان پڕۆژەی تایبەت بۆ ژنان لەلایەن خۆبەڕێوەبەری و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانەوە دامەزراون، سەدان ژن دەست دەکەن بە دروستکردنی هەرەوەزی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، جگە لەوەش هەموو ڕۆژێک پڕۆژەی سەربەخۆی کەسیی ژنان دەکرێتەوە.
ڕۆڵی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕووی یاسا و بەئاگابوونەوە
ئارۆز تەمۆ جەختی لەوە کردەوە، شۆڕشەکەیان لە ڕۆژئاوا بە پێشەگایەتی ژنان و بە ئامانجی ڕزگارکردن و بەدەستهێنانی مافی ژنان دەستی پێکردووە، بۆیە بنبڕکردنی توندوتیژی وەک ئەرکێک لەسەر شانی خۆیان دەبینن و وتی: ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ئێستا ئاگاداری دۆخەکە بوون، خۆیان چیتر توندوتیژی قبوڵ ناکەن، دەیان ژن کە تووشی توندوتیژی دەبنەوە بۆ مافەکانیان ڕوو لە ئێمە دەکەن، بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوامن لە خەباتێکی گەورە بۆ پاراستنی هەموو ژنانی ناوچەکە، یەکێک لەوانە کۆنگرەی ستار کە وەک چەترێکی تەڤگەری ژنان لێرە سەیر دەکرێت، لە تەنیشتیەوە ڕێکخراوی سارا و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا هەیە، ئێمە تەنها بە پێکەوە کارکردن لە دڵەوە دەتوانین هاوکاری ژنان و کۆمەڵگە بکەین.
"تێکۆشانی ئێمە سات بە سات گەشە دەکات"
ئارزۆ تەمۆ ڕایگەیاند، تێکۆشانیان هەر بەردەوام دەبێت تا هەموو ژنان ئازاد دەبن و لە کۆتاییدا وتی: داوامان لێدەکرێت نەک تەنها لە چوارچێوەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تێکۆشان بکەین، جار جار پێویستە دەزگا و تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان کار بۆ پاراستن و گەیشتن بە مافەکانی ژنان بکەن، لە ڕۆژئاوا دەستکەوتی شۆڕشی ژنانمان زۆرن، پێویستە ئەم دەستکەوتانە بپارێزرێن و هەموو ژنان ببنە بازنەی ئاگر لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان.