نامەی هاوسۆزی وریشە مورادی بۆ منداڵێکی هاوزیندانی: کام ویژدان وەڵام دەداتەوە

هەڵـمەتی ئازادیی بۆ وریشە مورادی نامەیەکی هۆنراوەی ناوبراوی بڵاوکردەوە، کە پێش چەند مانگێک بۆ منداڵێکی ساوای هاوزیندانی لە زیندانی ئێڤین، نووسیووە و تێیدا دەڵێت: کام ویژدان وەڵام دەداتەوە، بەرانبەر ئەو منداڵییەیی کە دزراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی ئازادیی بۆ وریشە مورادی، ئەمڕۆ نامەیەکی شیعری ناوبراوی بڵاوکردەوە، کە لە زیندانی ئێڤین نووسیویەتی. زانراوە، کە نامەکە لە مانگی شووباتدا نووسراوە، بەڵام دوای چەند مانگێک بەهۆی دۆخی ئێران و پچڕانی ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە.

 

وریشە مورادی نامەکەی بۆ منداڵێک بەناوی 'تەسنیم' نووسیووە، کە منداڵی نەسیمە ئیسلامزەهی، یەکێک لە زیندانییەکانە کە لە هەمان قاوشدان و بە ڕەگەز بەلووچییە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. تەسنیمی زارۆک لە زیندان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و لە ئێستادا لەگەڵ دایکیدا دەژی.

 

نامە شیعرییەکەی وریشە مورادی:

سەختە لەگەڵ منداڵێکدا بمێنیتەوە کە…

پێش ئەوەی چاوەکانی بکاتەوە

دیوارێک دەبینێت، گیراو بوو، لە ئاسندا بوو، لە قاوشدا بوو...

هێشتا ناوکەکەی نەبڕدرابوو، دەنگی داخستنی دەرگاکەی ناسی

منداڵێک بووەتە دوو ساڵ

لەبری ئەوەی مۆم بکوژێنێتەوە، پاسەوانەکان دەژمێرێت

سەختە لە بێتاوانترین و بچووکترین دۆخی خۆیدا

دەبێت لەم پرسیارەدا بشاردرێتەوە:

–  دەچیتە دیدار؟

وەک ئەوەی هەموو جیهان

بۆ چەند ساتێک لە پشت ئەو شووشەیەوە بێت

سەختە، کاتێک وێنەی باوکی لە تەلەڤزیۆن دەردەکەوێت

بەو چاوانەی کە تەنها مردن ناناسێت

بڵێت “مام”

و دونیا لەو ساتەدا یەک وشەیە

تا کۆتا سات بە بێکەسی بمێنەرەوە

سەختە، زۆر سەختە کاتێک کەسێک ئازاد دەکرێت

بە دڵخۆشییەک کە هێشتا تامی ئازار نازانێت

بڵێ “با گۆرانی ئازادیی بۆ بڵێین”

و نەزانێت کە ئازادیی

بۆ هەندێک کەس نە دەرگاکان دەکاتەوە و نە ئاسمانەکان دەردەکەون

سەختە جلەکانی تەسک ببن

باڵاشی بڵندتر بێت

گەورە ببێت

و هیچ وێنەیەکی گەورەبوونی تەنسیم نەبێت

منداڵبوون سەختە

دەست لە یارییەکانی نادات

تۆز ناگاتە پێڵاوەکانی

بێ ئەوەی بەناو پێکەنینی منداڵاندا غار بدەیت

نەکەویت و دیسان هەڵنەستیتەوە

سەختە منداڵێک پێش ئەوەی دونیا بناسێت

فێری نادادپەروەری ببێت

یەکەم دەنگ کە دەیبیستێت

هێرشکە

ئەوەی لە هەمووشیان سەختترە، ئەم پرسەیە؛

ئەو پرسەی وەک ئاسنێک لە سنگدا دەگیرسێت:

کام ویژدان وەڵام دەداتەوە

بەرانبەر ئەو منداڵییەی کە دزراوە...