ململانێی سودان مەترسی لەسەر داهاتووی هەشت ملیۆن منداڵی دەرەوەی قوتابخانە دروست دەکات

کاردانەوەکانی ململانێی سودان لەسەر منداڵان خراپتر دەبن و زیاتر لە ٨ ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە دەرچوون، هۆشدارییەکان سەبارەت بەو کاریگەرییە درێژخایەنانە دەرکراون کە مەترسی لەسەر داهاتوویان دروست دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

یونیسێف هۆشداری دەدات لە پەرەسەندنی کاریگەریی ململانێکان لە سودان لەسەر کەرتی پەروەردە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ململانێکان بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە هەشت ملیۆن منداڵ لە قوتابخانە دەربچن و مافی بنەڕەتی خوێندنیان دەخاتە مەترسییەوە و داهاتووی تەواوی نەوەیەک دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

 

میرا ناسر، وتەبێژی یونیسێف لە سودان ڕایگەیاند، بەردەوامی پەکخستنی خوێندن، ملیۆنان منداڵ لە ژینگەی فێربوون بێبەش دەکات کە پێویستیانە و دەرفەتەکانیان کەمدەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو لێهاتووییانەی کە یارمەتیان دەدات بۆ بونیادنانی داهاتوویان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت چارەسەرکردنی قەیرانی پەروەردە لە سودان دەستبەجێ دەستپێبکات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی کۆتایی هاتنی ململانێکان بکرێت، داوای کرد قوتابخانەکان لەو ناوچانە بکرێتەوە کە بارودۆخی ئەمنی ڕێگەی پێدەدات.

 

ڕوونیشیکردەوە، گەڕانەوەی قوتابیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن پێویستی بە ڕێوشوێنی هەمەلایەنە هەیە، لەوانە دابینکردنی کارمەندانی وانەوتنەوە، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، هەروەها دڵنیابوون لە بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان، بە پلەی یەکەم ئاوی خواردنەوە و تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و هەروەها دابینکردنی پەڕتوک و پێداویستی و کەرەستەی پەروەردەیی.

 

لەو ناوچانەی کە هێشتا بارودۆخی ئەمنی ڕێگری لە خوێندنی ئاسایی دەکات، یان قوتابخانەکان توانای جێگیرکردنی قوتابیان نییە، وتی: پەروەردەی جێگرەوە دەتوانێت ڕێگەیەکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی بەشداریکردنی منداڵان بۆ فێربوون.

 

یونیسێف جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوامبوونی ململانێکان نابێت بە واتای ڕاگرتنی مافی خوێندنی منداڵان بێت، هەروەها کردەوەی بەپەلە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی پارێزراو ئێستا پێویستییە، نەک بژاردەیەک کە دوابخرێت بۆ دوای کۆتایی هاتنی ململانێکان.

 

یونیسێف پێی وایە کە دووبارە تێکەڵکردنەوەی منداڵان لە پرۆسەی پەروەردەدا هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ پاراستنی داهاتوویان و کەمکردنەوەی ئەو کاردانەوە درێژخایەنانەی کە ململانێکان دەتوانێت لەسەر کۆمەڵگەی سودان هەیبێت.