دادەی وێنەکان؛ هانە سامان و ئەرشیفکردنی ڕووی کۆنی سلێمانی
لەناو بازاڕو کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی، ژنێکی گەنج بە کامێراکەی دەگەڕێت؛ وێنەی منداڵان، بەتەمەنەکان، شوێنە کۆنەکانی شار دەگرێت و هەوڵ دەدات بەشێک لە یادەوەرییەکانی شار بۆ نەوەی داهاتوو بپارێزێت.
هێلین ئەحمەد - هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ لە کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانی، هەر کاتێک هانە سامان بە کامێراکەیەوە دەردەکەوێت، پێش ئەوەی ئەو هیچ قسەیەک بکات، دەنگی منداڵەکان دێت دەڵێن: "دادەی وێنەکان هات"، ئەم ناوە بۆ هانە بووەتە ناسنامەیەکی خۆشەویستانە لە ناو ئەو کۆڵانانەی کە ساڵانێکی زۆرە بە کامێراکەی تێیاندا دەڕوات، هانە سامان زیاتر لە ١٢ ساڵە کاری وێنەگرتن دەکات، ئێستا وەک ڕۆژنامەنووس لە دامەزراوەی میدیایی ژن تیڤی کاردەکات، بەڵام کاتێک کاری ڕۆژانەی تەواو دەبێت، کامێراکەی بەدەستەوە دەگرێت و دەچێتە ناو شەقام و کۆڵانەکانی شار، ئەوەی هانە دەیکات تەنها وێنەگرتن نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی ئەو بەشە لە ژیانی سلێمانی کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی شار و تێپەڕینی کات، لە مەترسی لەبیرچوونەوەدایە، لە ناوبازاڕدا زۆرجار دەچێتە لای ئەو کارکەرو کرێکارانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە هەمان شوێن کار دەکەن، وێنەی ڕووخساریان دەگرێت، بەڵام پێش ئەوە گوێ لە قسەکانیان دەگرێت، چونکە لە پشت هەر ڕووخسارێکی بەتەمەن، چیرۆکی ساڵانێک لە ژیانی شاردا هەیە، بۆ هانە ئەو کارکەرە بەتەمەنانە تەنها مرۆڤێک نییە لە ناوبازاڕدا، بەڵکو بەشێکە لە مێژووی ئەو بازاڕە، هەروەها هەمان شت بۆ منداڵەکانی کۆڵانەکانیش هەیە، منداڵێک کە لەبەردەم کامێراکەی هانە وەستاو و وێنەی گرتووە، لەوانەیە ئەمڕۆ تەنها منداڵێکی کۆڵان بێت، بەڵام هانە دەیەوێت ئەو وێنەیە بۆ داهاتوو بمێنێتەوە، بۆ ئەو ڕۆژەی کە ئەو منداڵە گەورە دەبێت و بتوانێت سەیری وێنەکەی خۆی بکات و بزانێت کۆڵانەکەی لە ساڵانی منداڵییدا چۆن بووە.
یادەوەری کۆڵانە کۆنەکان و کەسە بەتەمەنەکان دەپارێزێت
لە کارەکەی هانەدا، وێنەگرتن بە تۆمارکردنی کاتێکی دیاریکراو کۆتایی نایەت، زۆرجار دوای گرتنی وێنەکە، دەگەڕێتەوە بۆ لای خاوەنەکەی، ئەو وێنەیەی لە کۆڵانێکدا هی منداڵێک یان ژن و پیاوێکی بەتەمەنی گرتووە، دەیباتەوە بۆیان، تا وێنەکە تەنها لە ئەرشیفی تایبەتی ئەودا نەبێت، بەڵکو لای کەسەکەش بمێنێتەوە، هانە سەردانی خێزانە کۆنەکانی سلێمانی دەکات، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی کە لە گەڕەکە کۆنەکانی شار ژیاون و هێشتا خاوەن کەسانی بەتەمەنن، لە گەڕەکەکانی وەک سابونکەران و کانێسکان و بەشە کۆنەکانی تر، هانە هەوڵ دەدات تەنها وێنەی خانوو و کۆڵانەکان نەگرێت، بەڵکو یادەوەریی ئەو کەسانەش تۆمار بکات کە ژیانیان بەو شوێنانەوە گرێدراوە، چیرۆکی ماڵێک، ناوی کۆڵانێک، پیشەیەکی کۆن، شێوازی ژیانی خەڵک و بیرەوەرییە بەتەمەنەکان، هەمووی دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ئەرشیفە وێنەییەکەی، ئەم کارە بۆ هانە لە دەرەوەی کارە میدیاییەکەی بەردەوامە، لە ڕۆژێکی ئاساییدا ڕۆژنامەنووسە، بەڵام دوای کار دەبێتە وێنەگرێک کە بەدوای چیرۆکە شاراوەکانی شاردا دەگەڕێت، شوێنێک کە لەوانەیە بۆ ڕۆژنامەوانێکی تر تەنها کۆڵانێکی کۆن بێت، بۆ هانە بەشێک لە چیرۆکی شارە.
"ئامانجم زیندوو کردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لەلای نەوەی داهاتوو"
هانە سامان، ڕاگەیاندکارو وێنەگر، دانیشتووی شاری سلێمانییە، تەمەنی ٣٢ ساڵە، دەرچووی پەیمانگای کۆمپیوتەرە، لە پاڵ ڕۆژنامەنووسیدا کاری وێنەگرتن دەکات و وتی: سەرەتای کاری وێنەگرتنم لە ناو بازاڕەوە دەستمپێکرد، چەندین شێوازی وێنەگرتنم تاقیکردوەتەوە، بەڵام بە هۆکاری پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکانم وێنەگری سەرشەقام و فۆتۆ ستۆریم هەڵبژارد، زیاتر لە ١٢ ساڵە کاری وێنەگرتن دەکەم، سەردانی ناو بازاڕ و کۆڵانەکانی ساری سلێمانی دەکەم، ئامانجم کۆکردنەوەی و پاراستنی ئەو وێنەو ڕووداو ژیانە سادەیەی کە لە ناو بازاڕ و کۆڵانەکندا دەبیندرێن، تا بتوانم سودێک بە نەوەی داهاتوو بگەیەنم، هەروەها کاتێک وێنەیەک دەگرم وێنەکەی بۆ دەخەمە سەر کاغەزێک و بۆی دەگەڕێنمەوە، تا بتوانم ئەو شێواز و کولتوورە کۆنەی کە وێنەکانی پێهەڵدەگیرا بهێڵمەوە، بۆئەوەی ئەو نەوە نوێیەی کە دێن ئەو کولتوورە ون نەکەن، وێنەکانیان لە ڕێگەی پرێنتکردنەوە بپارێزێن، هەروەها لە دوای وێنەگرتن ئەو پەیوەندییەم لەگەڵ زۆرێک لە کەساکاندا بەردەوام دەبێت، زۆرجار کاتێک وێنەی کاسبکارێک یان کەسێکی دیکە دەگرم وێنەکانیان بۆ دەبەمەوە ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەم لەگەڵدا درێژە پێدەدەن، جارێکی دیکە لە هەر جێگەیەکدابێت من ببیننەوە پێویستم بە هاوکاریەک بێت یان بەرنامەیەک لە نزیک ئەو کەسە ئەنجامبدەین هاوکاریمان دەکەن.
" گەڕەکە کۆنەکان کولتووری کوردەواریان تێدا زیندووە"
باسی لەوەشکرد، زۆرێک لە کۆڵانە کۆنەکانی شاری سلێمانی کولتووری خۆی لەدەستنەداوە، وتی: ئەم مەرکانانەی بۆ ئاوخواردنەوەی هاوڵاتیان داندراوە کارێکی زۆرباشە و هێشتنەوەی کولتووری کوردە، هەروەها چیرۆکێکی لەپشتەوەیە، ژنی ئەم ماڵە بۆمنی باسکرد کە کاتێک دایکی کۆچ دوایی دەکات، لەگەڵ ئەم مەرکانانە وەک نوسینی پاداشتی چاکە بۆ دایکی دادەنێت، ئەمە کارێکی مرۆڤ دۆستانەیە.
گەڕەکی سابونکەران تایبەت ترین گەڕەکە" "
هانە جەختی لەوەکردەوە، سەرەڕای ئەوەی سەردانی کۆڵانەکان دەکات، چێژێکی تایبەتی بۆ گەڕەکی سابونکەران لە شاری سلێمانیدا هەیە، وتی: من ڕۆژانە سەردانی کۆڵانەکان دەکەم هەرشوێنێکی شارەکەم بۆمن گرنگە، بەڵام گەڕەکی سابونکەران بۆمن تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە من لە یەکێک لە ماڵەکانی سابونکەراندا لەدایک بووم، بۆیە زیاتر لە ڕێبوارێک یان کەسێک بۆ کاریک سەردانی ئەم گەڕەکە دەکەم و هەست بە جوانی گەڕەکەکە دەکەم.
"من دادەی وێنەکانم لای منداڵەکان، لای کەسانی بەتەمەنیش ڕۆڵەی ئەوانم"
هانەی ئاماژەی بەوەشدا، دادەی وێنەکان جوانترین نازناوە بۆی تا کاتێک لە کۆڵانەکەدا دەردەکەوێت پێی بناسرێتەوە، وتی: من کاتێک وێنەی ئەو منداڵانە دەگرم وێنەکەیان بۆ دەگەڕێنمەوە، بۆیە کاتێک لەسەری کۆڵانەکەوە دەردەکەوم پێمدەڵێن دادەی وێنەکە هات، ئەوە شانازیی و دەستکەوتێکی گرنگە کە بۆمن ماوەتەوە، هەروەها کاتێک سەردانی گەڕەکەکان دەکەم چەندین جار چیرۆکی جیاوازم بۆ دروستبووە، ڕۆژێک زوو لە ماڵ دەرچووم تا وێنەی ناوبازاڕو کۆڵانەکان لە بەیانیاندا بگرم، بۆ پشوودان لەبەر دەرگای ئەم ماڵەدا دانیشتم وکامێراکەم جێگیرکرد، تا وێنەی خۆم بگرم، دەرگایەک کرایەوە پیاوێکی بە تەمەن بە ناوی مام بەکر هاتە دەرەوە، کەسێکی زۆر شیرن بوو، بانگی هاوژینەکەی کرد کە ئەبێت ئەو کامێرەیە هی کێبێت، بۆیە چومەلای و خۆم پێناساند زۆر پڕ جوانی و کوردەواریانەوە منی بردە ماڵەوە و چەندین گفتوگۆمان کرد، هەروەها باسی ژیانی خۆیانی بۆکردم کە چۆن ئەم ماڵە ٥٠ مەتریەیان بونیادناوە، بۆ ئەو کەسە بەتەمەنانە کاتێکی خۆشە کە ئێمە سەردانیان دەکەین چونکە ئەوان بە تەنیا لە ناو ماڵەکاندا دەژین، هەردەم تینووی گفتوگۆکردنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا دادەی وێنەکان وتی: پاراستنی وێنەکان ئەرکی ئێمەی ڕۆژنامەنووسە، با هەموومان پێکەوە کۆکەرەوە و پارێزەری کولتوور و سیما و بەهای شارەکەمان بین.