مەهوەش سیدال لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندایە و تەندروستی ناجێگیرە
ڕێکخراوی هەرانا بڵاویکردەوە مەهوەش سیدال، زیندانیی سیاسیی ئێران لە زیندانی ئێڤین لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندایە و باری تەندروستی ناجێگیرەو ڕەتیدەکاتەوە چارەسەری پزیشكی وەربگرێت.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا لەبارەی بارودۆخی مەهوەش سیدال، زیندانیی سیاسیی ئێران لە زیندانی ئێڤین ڕایگەیاند، ژنێکی زیندانیی سیاسیی ئێران بە ناوی مەهوەش سیدال لە زیندانی ئەوین لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندایە و باری تەندرووستیی ناجێگیرە.
ئاماژە بەوەشکراوە، شەوی ڕابردوو ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و دواتر گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ئەوین، هەروەها ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە ڕەتی دەکاتەوە چارەسەری پزیشكی وەربگرێت.
هاوکات، لە ٢٧ی ئایاری ئەمساڵدا، مەهوەش سیدال خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە نێودەوڵەتییەکان مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر ڕێگریکردن لێی لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هەروەها لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بوەتەوە.
هەروەها، لە ٢١ ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا مەهوەش سیدال خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ چەند چالاکوانێکی دیکە لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و دواتر بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا، دواجار لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بۆ جاری دووەم دەستگیر کرایەوە و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا.