ڕۆمانیا یاسای بەرەنگاربوونەوەی ژنکوشتنی پەسەند کرد
نیکۆسۆر دان، سەرۆک کۆماری ڕۆمانیا یاسایەکی نوێی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ژنکوشتن پەسەند کرد.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە لاپەڕەی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری ڕۆمانیا لە فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە، واژۆکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ژنکوشتن ڕاگەیەندراو ئاماژە بەوە دراوە کە تا ئێستا لەو وڵاتەدا کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان پشتگوێ دەخران، یان بە شێوەیەکی ناگونجاو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. یاسا نوێیەکە ئەرکەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان دەگۆڕێت بۆ میکانیزمێکی یاسایی کۆنکرێتی. بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، تاوانی ژنکوشتن سزای ١٥ بۆ ٢٥ ساڵ زیندانی، یان زیندانی هەتاهەتایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەم جۆرە تاوانانە پێشتر لە یاساکانی ڕۆمانیادا وەک "کوشتنی دڕندانە" پۆلێن دەکران، بەڵام لەمەودوا لە ڕووی یاساییەوە وەک شێوازێکی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێناسە دەکرێن.
پێویستیی دەرکردنی ئەم یاسایە و گرتنەبەری ڕێکاری توندتر، بۆ زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی دەگەڕێتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا، ٣٣ حاڵەتی کوشتن لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە تۆمارکراون کە ٦٩٪ی قوربانییەکان ژن بوون. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە لە ڕۆمانیا مانگانە بە تێکڕا سێ ژن لەلایەن خزمە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن.
پێشنیازەیاساکە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ پێشکەشی پەرلەمان کرا و پشتگیرییەکی بەرفراوانی لێکرا، بە جۆرێک زیاتر لە ٢٧٠ پەرلەمانتاری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان واژۆیان لەسەر کرد.
پێشتر پارێزەران و یاساناسان ئاشکرایان کردبوو کە بەهۆی نەبوونی دەقێکی یاسایی ڕوون، زۆرجار قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لە کاتی بەرگریی ڕەوا لە خۆیان، ڕووبەڕووی سزادان دەبوونەوە.