لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پێنج مامۆستا سزا دران

ڕژێمی ئێران سزای زیندانی و پێبژاردنی دارایی بەسەر ژمارەیەک مامۆستای کرمان جێبەجێ کرد، کە پێنج کەسیان مامۆستای ژنن، ئەم ڕێکارانە لە کاتێکدایە کە دوای ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ فشاری ئەمنیی بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی سزادانی ژمارەیەک لە مامۆستایانی شاری کرمانی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ لەلایەن لقی یەکی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسرای کرمان سزای ٧٠ ملیۆن تمەن پێبژاردن بۆ پێنج ژنی مامۆستا بە ناوەکانی شەهناز ڕەزایی شەریف‌ ئابادی، زەهرا عەزیزی، لەیلا ئەفشار، میترا نیک‌پوور و فاتمە یەزدانی دەرکرا، هەروەها سزای شەش مانگ زیندانی بۆ سێ مامۆستای پیاو سەپێندرا.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیارە لە داهاتوودا سزاکەیان جێبەجێ بکرێت، ئەم بڕیارانە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دێت کە تێیدا ڕژێمی ئێران دەستی بە بانگهێشتکردن و دۆسیەسازی بۆچالاکوانانی پەروەردەیی کردووە.

 

جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە ڕاگەیاندراوەیەکدا ڕایگەیاندووە، مامۆستایانی سزادراو تەنها داوای باشترکردنی گوزەران و مافی ئەنجومەنی سەربەخۆیان کردبوو، ئەم ڕێکارانە نموونەی سەرکوتکردنی سیستماتیک و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مامۆستایانە، ئەم شێوازە گوزارشت لە بێتوانایی دەسەڵات دەکات لە وەڵامدانەوەی داواکارییە دادپەروەرانەکان.