"پاراستنی جەوهەری لە کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی"

ئەندامانی بەرگری جەوهەری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەڵێن، " ئاسایش و ئارامی شارەکەیان دەپارێزن، خەبات بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەکەن."

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبەج- شاری مەنبەج لە باکوور و ڕۆژهەڵآتی سووریا بە بەهێزکردنی گەلی شۆڕشگێڕ و هێزی بەرگری کۆمەڵگە، ڕێکخستن و سیستەمی بەرگریی خۆی زیاتر کردووە.

 

ژنان لە سیستەمی پاراستنی جەوهەری ڕۆڵێکی گرنگ لەسەر کۆمەڵگە دەگێڕن، ژنانی مەنبەج وەک هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەرکی پاراستنی سەرەتایی جەوهەری دەگرنە ئەستۆ و لە پێناو ئاسایش و ئارامی گەلدا دەوەستنەوە.

 

"پاراستنی جەوهەری ئەرک و بەرپرسیارێتی هەموو کەسێکە"

حەیات سالم، هاوسەرۆکی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری لە شاری مەنبەج ڕایگەیاند، "پاراستنی جەوهەری یەکێکە لە گەورەترین هێزەکانی ناوچەکە چونکە سەرچاوەکەی خودی کۆمەڵگەیە و لە ئەستۆی هەموو ئەندامێکیەتی، لەگەڵ زیادبوونی ئاستی ڕێکخستنی پاراستنی جەوهەری لە کۆمەڵگە، سیستەمی پاراستنی کۆمەڵگە بەهێزتر دەبێت."

 

حەیات سالم ئاماژە بەوە دەکات کە پاراستنی شارەکە تەنها لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان نییە، ئەرکی کۆمەڵگەیە کە شەڕی شۆڕشگێڕانەی گەل بەڕێوە ببات بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بێت: " ژن و گەنجان لە کاتی شەڕدا دەکرێنە ئامانج، چونکە ژنان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە پاراستنی کۆمەڵگە".

 

حەیات سەلم ڕایگەیاند، لە ٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ یەکەم ناوەندی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری لە شاری مەنبەج کرایەوە و وتی: "پاراستنی جەوهەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شتێکی نوێ نییە، چونکە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ دامەزراوە، بەڵام نزیکەی ساڵێکە لە شاری مەنبەج دامەزراوە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش لە خۆدەگرێت."

 

"پاراستنی جەوهەری هەموو شەڕە ناوخۆییەکان ڕەتدەکاتەوە"

ڕانا حەمەدی، ئەندامی پاراستنی جەوهەری لە گەڕەکی شەهید عەگید وتی: "ڕۆڵی ژنان لە بەرگریدا گرنگە، خەباتی ژنانیش بۆ وڵاتەکەیان مێژوویەکی دوور و درێژی پڕ دەستکەوتی هەیە، ئەمڕۆ پاراستنی ئەم شارە دەکەوێتە سەر هەموومان، چونکە ناوچەکە تووشی شەڕ و پیلان و خراپ بەکارهێنان دەبێت، بۆیە ئەرکی ئێمەیە خۆمان و کۆمەڵگەکە و ناوچەکەمان بپرێزین، بەتایبەت سەرنجمان لەسەر گەنجەکانە چونکە زۆرترین کاریگەری شەڕەکانیان لەسەرە، ئێمە وەک پاراستنی جەوهەری لە بەرامبەر ئەرکی خۆماندا دەوەستینەوە و بەپێی پێویست لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکان هەماهەنگی دەکەین، ئەم هەماهەنگییە ڕێکخستن و هاوکاری نێوان هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەهێز دەکات."

 

ڕانا حەمەدی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە سەرجەم ئەندامانی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەک وەرگرتووە، وتیی: " ئێمە بینیومانە مەشق و ڕاهێنانی کردنەوەی چەک و بەکارهێنانی لەکاتی پێویستدا، بەڵام چەک شتێکی سەرەکی نییە لە بەرگری، هەندێکجار ڕێکخستن هێزێکی زیاتری هەیە بەرامبەر هێرشەکانی دژ بە ئارامی و ئاسایشی هەرێم".

 

"کۆمەڵگە پێویستی بە هێزی جەوهەری هەیە"

ڕیم دەروێش، ئەندامی پاراستنی جەوهەری سەبارەت بە هۆکارەکانی پێویستی کۆمەڵگە بە هێزەکەیان وتی: "کۆمەڵگە ڕووبەڕووی زۆر شت دەبێتەوە کە ئاسایشی هەرێم ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە کۆمەڵگە پێویستی بە هێزی وەک هێزی بەرگری جەوهەری هەیە، بەرگری جەوهەری پشتیوانی هێزە ئەمنییەکانە، هێزە سەربازییەکان سنوورەکانی شار لە هەر هێرشێک دەپارێزن، هەر هێزێک ئەرکی خۆی هەیە، هێزی بەرگری جەوهەری کۆمەڵگای ناوخۆ دەپارێزێت."