ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگای شێوەکاری دەکاتەوە

ئەعزەم حسێنی لە پێشانگایەکی هونەری بەرهەمەکانی نیشاندەدات، کە لە ڕاستینەی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە.

ژوان ئەردەڵان

 

سنە- پێشانگای شێوەکاری ئەعزەم حسێنی لە شاری سنە بەڕێوەچوو، ئەم پێشانگایە لە ٩ی تەمموز لە گەلەری سینەما سۆرە لە شاری سنە کرایەوە و تا ١٤ی تەمموز بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٤ بۆ ٧ی ئێوارە کراوەیە.

 

ئەعزەم حسێنی وتی: "دوانزە ساڵە خەریکی وێنەکێشانم و ئەمە شەشەمین پێشانگای منە لە شاری سنە کە ٤٦ پۆرترێت و پەیکەر لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان پەیکەرن کە ڕەنگەکانیانم گۆڕیووە، زۆربەی بەرهەمەکان شێوازی دەربڕینی ئەبستراکتن کە لە ڕاستییەوە وەرمگرتووە و هەستێکی قوڵترم لە تەنها نیشانداوە."

 

لەنێو بەرهەمەکاندا ئاماژە بە یەکێک لە تابلۆکان دەکات و دەڵێت: "ئەم کارەکم بە فکر و هزری خۆم درووستکردووە و ٣٦ کاتژمێری خایاندووە و کارەکانی دیکە تەنها یەک دانیشتنی خایاندووە."

 

هەروەها وتی: "ئەو بەرهەمانەی نمایشم کردوون بریتین لە تابلۆ و وێنە و ستیل لایف و پۆرترێت، کە هەریەکەیان ٩ کاتژمێر کاتیان پێچووە، لە ڕۆژی کردنەوەی پێشانگاکەوە پێشوازی خەڵک لە کارە هونەرییەکانم مایەی دڵخۆشی بوو."

 

سەبارەت بە پلانەکانی بۆ داهاتووی خۆی وتی: "حەز دەکەم لە داهاتوودا کەسانی دیکەش فێری ئەم هونەرە بکەم، ئێستا کۆمەڵەیەکی تایبەت بە هونەر و دیزاینم هەیە کە هونەرمەندان کۆدەکەمەوە، پلانم هەیە پێشانگای داهاتوو لە هەمان مۆدێلە لایڤەکان بێت کە لە پێشانگاکەشدا ئامادەن و دەتوانم فیگەرەکانیان لە پێشانگاکەدا بەکاربهێنم."