لە ئیتاڵیا بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بانگەوازی لە یەکێتی ئەوروپا کرا: بەرپرسیارانە بوەستن

٥٦ کەس و ۲٦ دامەزراوە لە ئیتاڵیا نامەیەکیان ئاراستەی زاڤیر بەتەل، سەرۆکی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد و داوایان لێکرد هەڵوێستی بەرپرسیارانە لە بەرامبەر ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگرێتەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

 دەستپێشخەریی 'ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' کە لە ۱۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲ف دەستیپێکرد، لە هەموو جیهاندا گەشە دەکات، لەو چوارچێوەیەدا ٥٦ کەسی ئیتاڵی و ٢٦ دامەزراوە کە پێکهاتبوون لە سیاسەتمەداران، پەرلەمانتاران، هونەرمەندان، نووسەران، پارێزەران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا (COE)، زاڤیر بەتەل کرد.

 

"پێویستە بڕیارێک بدرێت"

 لە نامەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو مەرجە سەختەی ئەشکەنجەدان کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەپێنراوە و ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی لە چارەسەری سیاسی پرسی کورد وەبیر دەهێنێتەوە، هەروەها داوا لە لیژنەی وەزیرانی ئەوروپا کراوە بەرپرسیارێتی دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەستۆ بگرێت.

 

 لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٦ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی بە مەرجی گۆشەگیری توند ڕاگیراوە و هەروەها  تێیدا هاتووە: "لەم ماوەیەدا سەرەتاییترین مافەکانی بەڕێز ئۆجالان پێشێل کراوە، بەهۆی سیاسەتی ئارەزوومەندانەی حکومەتی تورکیاوە ڕێگری لە سەردانەکانی بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کراوە".

 

 لە نامەکەدا بڕیارەکەی ساڵی ٢٠١٤ی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و بڕیارەکانی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجالان لە نێوان ١٧-١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ وەبیرهێنراوەتەوەو

 

 ECHR لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیاریدا کە سزای قورسی هەتاهەتایی کە بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە، بە تەواوی ڕێگری لە ئازادکردنی مەرجدار دەکات و ڕایگەیاند کە ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەوروپییە بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها ڕاگەیەندرا کە تورکیا پێویستە ڕێسای یاسایی لەو بارەوە ئامادە بکات بۆ ئەوەی زیندانییەکان بزانن ئایا لە داهاتوودا چانسی ئازادکردنیان هەیە یان نا.

 

 لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ۱۷-١٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٤ فشاری خستە سەر تورکیا بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکەی ٢٠١٤ی ECHR، لیژنەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر تا ٢٠ی ئەیلول هیچ پێشکەوتنێک نەبێت، ئەوا ڕەشنووسی بڕیارێکی کاتی ئامادە دەکات.

 

 "ملیۆنان کەس داوای ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەکەن"

 

 لە نامەکەدا سەرنجی خەڵک بۆ کەمپەینی نێودەوڵەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ڕاکێشراوە کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا داوای ئازادی جەستەیی ئۆجالان دەکەن.

 

 لە نامەکەدا بەم شێوەیە هاتووە: "ناتوانرێت گرنگی سیاسی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ململانێی کورد و تورکیادا پشتگوێ بخرێت"، دوای ئەوەی تورکیا هێرشی کردە سەر باکووری عێراق و سوریا و بەردەوامی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ململانێی نێوان کورد و تورک سنوورەکانی تورکیای تێپەڕاند و بوو بە کێشەیەکی ناوچەیی، چارەسەری ئەم کێشەیە دەتوانێت چارەسەر بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێتە ئاراوە".

 

 لە نامەکەدا سەرنجیان بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشاوە و تێیدا هاتووە: جگە لە ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس لە پیشە جیاوازەکانی وەک پارێزەر، چالاکوان، ڕۆشنبیر، بەرپرس، هونەرمەند، سیاسەتمەدار، هەروەها کورد و هاوڕێکانیان، بانگەوازیان بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا و سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، ئەم بانگەوازە بۆ کۆتایی هێنان بە سیستەمی ئەشکەنجەدان لەسەر ئیمرالی و ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان بوو، جگە لەوەش زۆر تۆڕی نێودەوڵەتی بە ئامانجی گەیشتن بە ئازادیی بەڕێز ئۆجالان دامەزران و ئەم هەوڵانەش بە ئیرادەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامن.

 

"پێویستە کابینەکە هەنگاوی بنچینەیی بنێت"

 هەروەها لە نامەکەدا باس لە دیدارەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ کردنەوەی دەروازەکانی ئیمرالی بە تەواوی و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

 

 بەهۆی گوشارەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا و ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی سەرتاسەری جیهان، سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئۆجالان لە زینداندا پێشهاتێکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا بەڕێز ئۆجالان زیندانییەکی سیاسییە کە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەستبەسەر کراوە، دۆخی ئێستا ئەوە دەردەخات کە قسەکانی نیلسۆن ماندێلا چەندە ڕاستن کە دەڵێت: "تەنها پیاوێکی ئازاد دەتوانێت دانوستان بکات.

 

 لە گفتوگۆکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە ئێستا دەبێت ئەنجومەنی ئەوروپا هەڵوێستێکی چالاکانە بگرێتەبەر و ڕاگەیەندرا: بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، کاتی ئەوە هاتووە لیژنەی وەزیرانی ئەوروپا هەنگاوی کۆنکرێتی بەرەو چارەسەری بەردەوامی کێشەکە بنێت، بەڕێز ئۆجالان دەیان جار ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هەلومەرجی نایەکسان ئامادەیە چارەسەرێکی ئاشتیانە بدۆزێتەوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان دەبێت ڕێگە بدرێت لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە و بەبێ تۆمەت ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت کاربکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دیموکراسیانە بۆ پرسی کورد کە دەیان ساڵە بەردەوامە،  لیژنەی وەزیرانی ئەوروپا ئێستا دەبێت هەنگاوی یاسایی و دیپلۆماسی و سیاسی بنێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی بەڕێز ئۆجالان و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەڕووی سیاسییەوە.