لە ئێران ۹۷٥ کەس لە سێدارە دراون: ژمارەی ڕاستەقینە زیاترە

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٧٥ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، هاوکات باس لەوە کراوە کە ژمارەی ڕاستەقینە لەم ژمارەیە زیاترە.

 ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتی IHR و ECPM باس لەوە دەکات کە ٩٠٪ی لەسێدارەدانەکان بۆ خەڵک ڕاپۆرت ناکرێت و ژمارەی ڕاستەقینە ڕەنگە لەوە زیاتریش بێت. 

 

 ڕاگەیەندرا کە ٤٠ دۆسیەی لەسێدارەدان لە ڕاپۆرتەکەدا نەخراونەتە ڕوو، چونکە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دروست پشکنینیان بۆ نەکراوە، مەحموود ئەمیری-مغدام، بەڕێوەبەری IHR ڕایگەیاند کە ڕۆژانە ٥ یان ٦ کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن و وتیشی: ئەم لەسێدارەدانانە بەشێکە لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، سزای لەسێدارەدان بەهێزترین ئامرازی سەرکوتکردنی ڕژێمە.

 

 ٣١ کەسیان ژن بوون

 بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لە کۆی ۹۷٥ کەس کە لە ساڵی ۲۰۲٤ لەسێدارە دراون، ۳۱ کەسیان ژن بوون و ٤ کەسیان بە ئاشکرا لەسێدارە دراون، هەروەها ئاماژە بەوە کراو کە هەندێک لەوانە منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بوون، کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، یەکێک لەوانە مەهدی جەهانپورە کە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە تاوانی کوشتن دەستگیرکراوە و دوای تێپەڕاندنی چەند ساڵێک لە زیندان، لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە سێدارە دراوە.

 

 هەرچەندە زۆربەی سزاکانی لەسێدارەدان پەیوەندییان بە تاوانەکانی وەک مادەی هۆشبەر، کوشتن و دەستدرێژی سێکسییەوە هەیە، بەڵام تۆمەتە ناڕوونەکانی وەک "گەندەڵی زەوی" یان "یاخیبوون"یش بۆ بەئامانجگرتنی ناڕازییان بەکاردەهێنرێت، بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕژێمی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە تا ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە، ١٠ کەسی لە سێدارە داوە. 

 

 ئەشکەنجەدانی سیستماتیکی و دادگاییکردنی دەرەوەی دادوەری

 ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتیان کردووە کە زیندانییەکان تووشی ئەشکەنجەی سیستماتیک دەبن و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیان پێشێل دەکرێت،  لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زۆرجار ڕێگری لە زیندانییەکان دەکرێت لەگەڵ پارێزەرەکانیان کۆببنەوە و دانپێدانانی زۆرەملێ وەک بەڵگە لە دادگاکاندا بەکاردەهێنرێت، باس لەوەش کراوە کە دۆسیەی محەمەد قوبادڵو و غوڵامڕەزا ڕەسایی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە سێدارە دراون، بە ناڕەوا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و دادگاییکردنی نایاساییان لەگەڵ ئەنجامدراوە.

 

 لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکان، زۆرێک لە ئەندامانی کەمینە نەتەوەییەکان بە پلەی یەکەم بەلوچی و کورد لە سێدارە دەدرێن، هەروەها تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە هێشتا ۱۳ چالاکوان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە، بەتایبەتیش پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، داکۆکیکارانی مافی ژنانی کورد ڕووبەڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە.