لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر چەندین دۆنم پوش و پاوان سووتان

لە گوندەکانی سەر بە مێرگەپان و خەلەکان ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە زەویەکی زۆر زیانی پێگەیشتووە و هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکانیش نا دیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە زەوی کشتوکاڵی و زەوی دیکە لە گوند و ناوچە جیاجیاکاندا بە هەزاران دۆنم پوش و پاوان لە مەودای ئەم وەرزەدا سووتان، بەشێک لەو ئاگرانە بە مەبەست دەکرێنەوە و زیانێکی زۆر بە زەویەکان دەگەیەنن، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت هەوڵی تەواوەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دووبارە نەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە نادەن.

 

ئەمڕۆ ٤ی تەمووزبەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان لەگوندی "سێکانیانی شەهید" لە سنوری مێرگەپان، زەرەرێکی زۆر بە پوش و پاوان هەروەها داری سروشتی ناوچەکە گەیشت.

 

زەرەرو زیانی ئاگرەکە  نزیکەی  ١٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتان و زیان بە چەندین داری سروشتی گەیشتووە، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش نادیارەو تا ئێستاش لێکۆلینەوە بەردەوامە.

 

بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەستبەجێ مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەئەنجامدا بە هاوکاری پۆلیسی بەرگری شارستانی و هاوڵاتیانی گوندی "سێکانیانی شەهید" توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

بە مەبەست ناوچە جیاوازەکان دەسووتێنن

جگە لەو سنوورە بەهەمان شێوە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی بەرفراوان لە  گردی بیرێ لە ڕۆژئاوای ناحیەی خەلەکان نزیکەی  ٥٠ دۆنم پوش و پاوان و وەردی گەنم و چەندین داری سروشتی سووتان و هەروەها  ٢ ڕەزوو باخی هاووڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە .

 

بە پێی زانیارییەکان هۆکاری ئاگرەکە گومان دەکرێت بەمەبەست بوبێت و تا ئێستاش بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە، بەڵام بە هەوڵی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خەلەکان، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوەی شارەدێی خەلەکان و هاوڵاتیانی سنوورەکە تواندرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت.