لە ئەفغانستان لە ١٠٠ هەزار ژنی دووگیان ٦٠٠ ژن گیان لەدەست دەدەن
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، لە ئەفغانستان لە ١٠٠ هەزار ژنی دووگیان ٦٠٠ ژن گیان لەدەست دەدەن، داخستنی ناوەندەکانی پزیشکی بە ڕووی ژناندا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی تەندرووستیی گشتیی لەو وڵاتەدا.
ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی سەبارەت بە کاریگەری سنوورداركردنی کارکردن و خوێندنی ژنان لە کەرتی تەندرووستییدا ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەهۆی سنووردارەکانی تاڵیبان لە بەرامبەر کارکردن و خوێندنی ژنان لە کەرتی تەندرووستیدا لە ١٠٠ هەزار ژنی دووگیان ٦٠٠ ژن گیان لەدەست دەدەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە قەدەغەکردنی ژنان لە خوێندنی پزیشکی، ژنانی کارمەندانی تەندرووستیش ڕووبەڕووی کێشەی دیکەش دەبنەوە، لەوانە توندتر کردنی کۆنترۆڵی هاتوچۆ و پشکنینی بەردەوام لە خاڵەکانی پشکنین.
دەشڵێن، داخستنی ناوەندەکانی پزیشکی بە ڕووی ژناندا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی تەندرووستیی گشتیی لەو وڵاتەدا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی گیانلەدەستدانی ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان زیادیان کردووە. ئەفغانستان بەرزترین رێژەی گیانلەدەستدانی دایکانی تێدایە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، دوای حوکمڕانی تاڵیبان، نیگەرانییەکانی جیهان لەم بوارەدا زیادیان کردووە.