لە سلێمانی کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعر بۆ چەند ژنە شاعیرێک ڕێکخرا
بە بۆنەی شەوی یەڵداوە، یەکێتی نوسەرانی کورد - لقی سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەدیبان و نووسەران و رووناکبیران، کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعری بۆ چەند ژنە شاعێرێک ڕێکخست.
سلێمانی
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی نووسەران، یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی سلێمانی، کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعری بۆ هەریەکە لە رۆژ هەڵەبجەیی، شەیدا مەعروف، نەشمیل عەلی بەرزنجی، ئاوێزان نوری، گوڵزار فەرەج، ڕێکخست، کە لە کۆڕەکەدا هەر یەک لە شاعیرانی ژن بە جیا شیعر و نوسینەکانی خۆیانیان پێشکەش کرد.
''هەمیشە کورد بەوە ناسراوە کە یادەکانی خۆی لە بیرناکات''
شەیدا مەعروف، شاعیر، وتی: سازدانی کۆڕی هاوشێوەی ئەم کۆڕە گرنگە کە ژنان کۆبکاتەوە بۆ یادێک کە بەسەرچوونی چلەیە و دەچینە وەرزی زستانی پیرۆزەوە، بۆیە یەکێتی نووسەران ئەو ئەرکەیان کردە سەرشان و ئەم کۆڕەیان ڕێکخست بۆ کۆمەڵێک ژنی شاعیر، کە هەر یەکەیان لە بوارێکی جیاوازدا گوزارشت لە شەوی یەڵداو چلە دەکات، هەروەها هەمیشە کورد بەوە ناسراوە کە یادەکانی خۆی لە بیرناکات و پیرۆزکردنی یەڵدای کردۆتە بڕگەیەکی سەرەکی لە نێو کارەکانی خۆیاندا.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: ئێمە هەمیشە باس لە هەر پرسێکی گرنگی ژنان بکەین، ئەوا بە قەڵەم باسی دەکەین و هەمیشەش شەڕ بۆئەوە دەکەین کە ژنان یەکگرتووبن، هەروەها کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی ژنان لە ئەدەبیاتدا بۆ خۆی کاریگەری باش دروست دەکات، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژنان دەتوانن لە ئەدەبیاتدا و لە هەر بابەتێکی تری نویسندا کۆکراوە بن و دەتوانن ببنە داهێنەرێکی زۆر باش بۆ کاروبارەکانیان.