ئەنجومەنی عشتاری مەخموور هێرشی سەر لەیلا زانای شەرمەزار کرد

ئەنجومەنی عشتار لە کامپی پەنابەرانی مەخموور، هێرشی فاشیستی و زایەندپەرستیانەی بۆ سەر سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا شەرمەزار کرد.

مەخموور

 

ئەنجومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی سەر لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کوردی شەرمەزار کردو ڕایگەیاند، لە بەرامبەر ئەم هێرشە زایەندپەرستانەی سەر ژنان تەنیا بە نیشاندانی هەمان هەڵوێست دەتوانن ببنە دەنگی هەموو ژنان.

 

راگەیەندراوی ئەنجومەنی عشتاری مەخموور بەم شێوەیەیە: ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر مێژوویی و گرنگدا تێدەپەڕین، هەوڵی ئێمە بۆ پیشنەگایەتی کردنی ئەم پرۆسەیە و بەهێزکردنی تێکۆشانمانە بۆ ئازادی گشتیی ژنان و گەلان، ڕێبەر ئاپۆ هەروەها سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە لە پێشەنگایەتی و خەباتی ژناندا دەبینێت و زۆرجار لە پەیامەکانیدا سەرنجی ئەم پرسە ڕادەکێشێت،  لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە، ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد هەنگاوی زۆر مێژوویییان ناوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و تا ئەمڕۆش بە هەموو توانایانەوە کار بۆ گەیشتن و پاراستنی ئاشتی دەکەن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەڵاتداران بە هەموو توانایانەوە کار بۆ پشتگوێخستنی ئیرادەی ژنان دەکەن، سەرەڕای ئەو هەموو هێرشە زایەندپەرستی و نامرۆڤانە، ژنان لە هەموو بوارەکانی خەباتدا بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەوەستنەوە و بە هەمان هەڵوێست دەیانەوێت ئەو هێرشانە پووچەڵ بکەنەوە، لەبەرامبەر ئەم هێرشانەی دژی ژنان، بەهێزترین وەڵام لە ڕێکخستنی ژناندا دەبینین.

 

هەڵوێست و هێرشی هەندێک لە گروپەکانی دژایەتی پرۆسەکە لەم ڕۆژانەدا زیاتر بەرچاو دەکەوێت، بەتایبەت بەرامبەر ژنانی وەک لەیلا زانا کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە مێژووی گەلی کورددا هەبووە،  بێ ڕێزی گروپی فاشیستی ڕەگەزپەرست بەرامبەر لەیلا زانا، بەرامبەر بە هەموو ژنان دەبینین، داواش لە هەموو ژنان و کۆمەڵگە شکۆمەندەکان دەکەین کە هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەم هێرشە زایەندپەرستییەو و ڕێگری لە پرۆڤاکاسیۆن لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و دیموکراتیکدا بکەن.