لە شەنگال بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوان کرا
پێکهاتەکانی شەنگال بە پێشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕێپێوانێکیان بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا.

شەنگال
پێکهاتەکانی شەنگال بە پێشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕێپێوانێکیان بۆ ئازادی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە لە دەروازەی قەرسەوە تا پارکی ڕێبەر ئاپۆ بە دروشمی 'بژی ڕێبەر ئاپۆ'، 'بێ ڕێبەر ژیان نییە' و ئاڵای بەڕێز ئۆجالان درێژەی هەبوو.
شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە پارکی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد، لە سەرەتای قسەکانیدا هەموو شەهیدانی شۆڕشی بەبیرهێنایەوە و وتی: ڕێپێوانی ئەمڕۆمان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، لە ڕۆژی دەرکردنی فەرمانەکەدا ڕێبەر بە هاواری شەنگال شوێنکەوتووانی خۆی نارد و تا ئەمڕۆش شەنگال لە خەم و یادەوەری ڕێبەر ئاپۆدایە، ڕێبەر هەمیشە دەڵێت "من لە پشتی شەنگال و مەخموورو کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان دەوەستم".
شەمێ ڕەمۆ سەرنجی بۆ ١٢هەمین کۆنگرەی پەکەکە ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە وەک تاژێ پیرۆزبایی لە کۆنگرەی پەکەکە دەکەن و وتی: کۆنگرە کۆنگرەی سەرکەوتن و ئازادی دەبێت.
داوای لە حکومەتی عێراق کرد و ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق خۆی ڕوون بکاتەوە و بڵێت دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا دەنێت یان نا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ئەوان ئەو کەسانەن کە داعشیان تێکشکاند و بە ئیرادەی خۆیان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند.
لە کۆتایی قسەکانیدا شەمێ ڕەمۆ ڕایگەیاند کە ئەوان ئازادی جەستەیی ئۆجالانیان دەوێت و بەردەوام دەبن لە وەستانەوە تا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی ئۆجالان بەدەستدێت.
ڕێپێوانەکە بە دروشم کۆتایی هات.