لە قامیشلۆ بە ڕێپێوان سڵاو لە بەرخۆدانی یەپەژە کرا

دانیشتووانی شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرە بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار بە ڕێپێوانێکی جەماوەری سڵاویان لە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

قامیشلۆ- لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن، یەپەژە بە بەرخۆدانێکی گەورەوە لە بەرەکانی پێشەوەن، دانیشتووانی شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا و سڵاویان لە بەرخۆدانی یەپەژە کرد.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "وەرن با وڵاتەکەمان بپاریزین" و بە بەشداری سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژێر چەتری کۆنگرەی ستار و بە هەڵکردنی ئاڵاکانی یەپەژە و پانکارتی "یەپەژە ئیرادەی ژنی ئازادە"، "پاراستن، ئازادی مسۆگەر دەکات"، لە بەردەم بازنەی سۆنای شار دەستیپێکرد و تا بازنەی شەهید قەهرەمان عومەر بەردەوام بوو.

 

"دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر پڕۆژەی ژنان"

ڕیحان لۆقۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، تیشکی خستە سەر تێکۆشان و بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە کە لە بەرەکانی شەڕدا بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوەدەبەن و وتی: لە پریشکی شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئەمڕۆ، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان، بەهاکانی شەهیدەکانمان، دەوڵەتی تورک لە یەکەم ڕۆژی شۆڕشەوە تا ئەمڕۆ نەوەستاوە، چونکە نایەوێت پڕۆژەی گەل و ژنان و ئازادیخوازان لەسەر ئەم خاکە بەدی بهێندرێت، ئەوان نایانەوێت ئەو پڕۆژەیە نموونەیەک بێت بۆ هەموو جیهان، هەر بۆیە لە ڕێگەی شەڕی تایبەت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پێشەنگەکانی شۆڕشەکەمان دەکەنە ئامانج، لە لایەک لە ڕێگەی چەتەکانیانەوە دەیانەوێت پلانی کوشتنی ژن و منداڵ و خەڵکی مەدەنی  پێکبهێنن. هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا بەبێ پچڕان هێرشەکان ئەنجام دەدات، ئێمە لەم ناوچە پیرۆزەوە، بە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەڵێین، ڕادەست نابین، ئێمە ئێستا بە هێزی پاراستنی ژنان و بە ڕۆحی ئیرادەی ئازادی ژنان و بە پێشەنگایەتی ژنانی عەرەب، سریانی، کورد، ئەرمەنی وەک چۆن پێشەنگایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیان کرد، لە ئێستاشدا ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین، وەک چۆن لە کۆبانێ و ڕۆژئاوا چەتەکانمان تێکشکاند، جارێکی دیکە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تێکدەشکێنین.

 

''یەپەژە بوێریمان پێدەبەخشێت''

ڕیحان لۆقۆ لە کۆتاییدا وتی: دەیانەوێت لەبەرامبەر هەموو شتێکدا، بێ ئیرادە و ناسنامەی ئازاد بمێنینەوە، تا ژنێکی خەڵکی عەفرین لەم وڵاتەدا هەبێت، تا ژنێکی خەڵکی کۆبانێ هەبێت، تا ئەو کاتەی ژنانی گەنج لە قامیشلۆ بن؛ کەس ناتوانێت هەنگاو بنێتە سەر ئەم خاکە، کەس ناتوانێت لەسەر ئەم خاکە بژی جگە لە ئازادیخوازان. ئەم خاکە خاکی کەرامەتە، خاکی شەهیدانە،  سڵاو لە بەرخۆدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و  دۆستانی کوردان دەکەین، ئێمە دەڵێین ڕۆحی ئێمە لەگەڵ ڕۆحتانە، ئێمە هیواو بوێری خۆمان لە ڕۆحی یەپەژە وەردەگرین کە بەردەوام لە مەیدانەکاندا تێکۆشان دەکەن.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.