لە پێنجوێن ژنێک بە شێوازێکی دڕندانە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە

لە پێنجوێن تەرمی ژنێک لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوازێکی دڕندانە کوژراوە و هاوژینەکەشی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهاتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێمن ئیبراهیم، قائیمقامی شارۆچکەی پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، تەرمی ژنێک دۆزرایەوە کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە دڕندانە کوژراوەو جەستەی شێوێندراوە، دواتر بە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنەوە ئەم بەیانییە دراوسێکانی زانیویانە و پۆلیسیان لێی ئاگادار کردووەتەوە.

 

ڕاشیگەیاند، هەردوو هاوژینەکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، دوای ئەوەی هاوژینەکەی ژنەکەی کوشتووە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی (ت.گ) تەمەنی ٤٣ ساڵە و دانیشتووی گەڕيکی ئەلیاسەفڕەی شارۆچکەی پێنجوێن بووە.

 

لە ڕۆژی ١٣ ی کانوونی دووەم، له‌ گوندێكی سنووری كۆمه‌ڵگه‌ی به‌حركه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، هەروەها شەوی ١١ی کانوونی دووەم، هەر لە هەولێر ژنێكی تەمەن ٢٦ ساڵ کە کارمەندی هێزەكانی زێرەڤانی سەر بە پەدەكەیە لەلایەن براکەیەوە کوژرا و تا ئێستا بكوژەكە دەستگیر نەكراوە.