لە ماوەی یەک مانگدا ١٠ ژن و دوو منداڵ لە ئەفغانستان کوژران
تەنها لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم ١٠ ژن و دوو منداڵ بە شێوازی نهێنی و توندوتیژانە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەفغانستان کوژران، ئەم ئامارە شۆککەرە ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە ئاسایشیە مەترسیدارەیە کە ڕووبەڕووی ژنان و منداڵان دەبێتەوە لە وڵاتەکەدا.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-کوشتن لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا گەیشتە لوتکە. ڕۆژانە بە هۆی خراپی دۆخی ئابووری و نائسایشی و نەبوونی کار و خوێندنەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژن و پیاو و منداڵ لە ڕووداوی جۆراوجۆردا دەکوژرێن یان خۆیان دەکوژن.
سەرەڕای تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان، وڵاتانی دراوسێ لەبری ئەوەی پشتیوانیان بکەن، پەناخوازانی ئەفغانستان دیپۆرت دەکەنەوە، زۆرێکیان پێش ئەوەی بگەنە سنوور لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر دەکرێن، زیندانی دەکرێن، یان بێسەروشوێن دەکرێن. فڕۆکەوانێکی ئەفغانی دوای وەرگرتنی فەرمانی دیپۆرتکردنەوەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، ئەمە وەڵامی ئەو چارەنووسە ترسناکەی دایەوە کە چاوەڕێی بوو.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاژانسەکەمان ئاماری نوێی لەسەر کوشتنی ژنان لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەدەست هێناوە. هەرچەندە ئەو زانیارییە بڵاوکراوە تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکان نیشان دەدات، بەڵام هێشتا وێنەیەکی تاریکی دۆخی ژنانی ئەفغانستان دەکێشێت، زۆرێک لە کەیسەکان بە فەرمی ڕێگەیان پێنادرێت بڵاوبکرێنەوە.
ڕۆژی ٢٢ی نیسان تەرمی ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵ لە ناوچەی دامان سەر بە پارێزگای قەندەهار دۆزرایەوە. ڕۆژی دواتر لە ناوچەی شوغنان سەر بە پارێزگای بەدەخشان ژنێکی گەنج بە خواردنی ژەهر گیانی لەدەستدا. ژنێکی گەنج لە پایتەختی پارێزگای بەدەخشان (فەیزاباد) بە هۆکاری نادیار گیانی لەدەستدا و خۆی فڕێدایە ناو ڕووباری کوکشا.
ڕۆژی ٢٦ی نیسان تەرمی ژنێک لە ناوچەی ۷ی سەر بە جەلال ئاباد لە پارێزگای نەنکرەهار دۆزرایەوە. هەر لەو ڕۆژەدا ژنێکی گەنج بە هۆکارێکی نادیار خۆی فڕێدایە ناو ڕووباری ریدونتا لە جەلال ئاباد، لەگەڵ دوو منداڵەکەی. یەکێک لە منداڵەکان گیانی لەدەستداوە، منداڵەکەی دیکەش تا ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرە لە نەخۆشخانە.
ڕۆژی دواتر ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە هاوسەرگیرییەکی زۆرەملێ لەگەڵ برای فەرماندەیەکی تاڵیبان لە ناوچەی تیاوارە لە پارێزگای غور.
لە کابول ژنێکی گەنج لەلایەن چەکدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی ١٢ کوژرا، دوای ڕۆژێک هەواڵەکان دەرکەوتن کە دایکێک و کوڕەکەی لە ماوەی شەوێکدا لەلایەن دزەکانی چەکدارەوە لە ماڵەکەیان لە ناوچەی ئارگۆ لە پارێزگای بەدەخشان کوژراون.
ژنێکی ئەفغانی لە ٣ی ئایاردا لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە لە شاری ڕاوالپیندی پاکستان بە هۆکارێکی نادیار خۆی فڕێدا و ژیانی لەدەستدا. لە ناوچەی ئەب کەمەری سەر بە پارێزگای بەدغیس، کەسێک لە ٨ی ئایار سەری منداڵە کچە ٦ مانگی خۆی بڕی.
دوای چەند ڕۆژێک، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ لە پارێزگای کاما هەوڵی خۆکوشتنی دا. لە هەمان ڕۆژدا ژن و پیاوێک لەلایەن هێرشبەرە نەناسراوەکانەوە لە شاری هیرات بە تۆمەتی "پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری" کوژران.