لە ماوەی ٦ مانگدا زیاتر لە ٤٠ منداڵ لە یەمەن برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە
ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهۆی مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ لە یەمەن ٤٠ منداڵ بینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە.

یەمەن
مۆتەکەی شەڕ بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر یەمەنییەکان، تەنانەت لە ماوەی کاتی ئارامیشدا، ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی ١٣ی تەمووز بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوەکردووە، یەمەن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پیس بووە بەهۆی مین و تەقەمەنی نەتەقینەوە لە جیهاندا، ئەم پاشماوە کوشندەیانە بەردەوامن لە مەترسی ڕۆژانە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و ناوچە کشتوکاڵییەکان.
ئەوەخراوەتەڕوو، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا مین و پاشماوەی تەقینەوەکانی شەڕ لە یەمەندا ١٠٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، کە زیاتر لە ٤٠ منداڵیان تێدابوو، کە دەکاتە ٣٧%ی کۆی قوربانییەکان.
ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردەوە، ڕووداوەکەی ئەم دواییە، کە تێیدا پێنج منداڵ لە پارێزگای تەعز لەکاتی یاریکردنی تۆپی پێدا کوژراون، تەنها یەکێکە لە زنجیرە کارەساتێک کە لە ناوچە جیاجیاکان ڕوویانداوە، ئاماژەشی بەوەکردووە کە منداڵان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەو پێیەی گۆڕەپانی یارییەکان گۆڕدراون بۆ گۆڕەپانی کوشتن.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە یەمەن ئەو ڕووداوەی بە بیرخستنەوەیەکی ترسناک پێناسە کرد کە بەڕاستی شوێنێکی سەلامەت نییە بۆ منداڵانی یەمەن، پاشماوەکانی شەڕ هێشتا لە گەڕەکەکان و ڕێگاکانی بەرەو خوێندنگەکان و تەنانەت لەو شوێنانەی کە مەبەست لێی بەکارهێنانی بۆ یاریکردنە ماونەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە شەڕە یەک لە دوای یەکەکان لە ساڵانی شەستەکانەوە میراسێکی کوشندەیان بەجێهێشتووە کە بریتین لە مین و تەقەمەنی، لەبری کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە، کەمی بودجە بووەتە هۆی ڕاگرتنی چەندین بەرنامەی پاککردنەوەی مین و پەروەردەی مەترسی، لەگەڵ چالاکییەکانی هاوکاری و پشتیوانی دەروونی بۆ قوربانییەکان، لە زۆربەی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا.
ڕێکخراوەکە داوای لە خێرخوازان کردووە کە هەنگاوی بەپەلە بگرنەبەر و بودجە بۆ بەرنامەکانی پاککردنەوەی مین و دەستپێشخەرییەکانی هۆشیاری زیاد بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵانە ڕێوشوێنی ڕزگارکەری ژیانن، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگە لاوازەکان، بەتایبەتی منداڵان.
هەروەها ڕێکخراوەکە بانگەوازی خۆی لە هەموو لایەنەکانی ململانێی یەمەن نوێکردەوە کە دەستبەجێ بەکارهێنانی مین و تەقەمەنی ڕابگرن و ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگرن، هۆشداریشیدا لەوەی کە پشتگوێخستنی ئەو بانگەوازانە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی قوربانیانی مەدەنی و بەتایبەتی منداڵان.