لە فەرەنسا بەهۆی توندوتیژی خێزانی کوشتنەکانی ژن ڕوو لە هەڵکشانە
توێژینەوەیەکی ئەم دواییە بەرزبوونەوەی ترسناکی ژمارەی کوشتنی ژنانی ئاشکرا کردووە، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی ١١% زیادی کردووە، کە ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەهۆی توندوتیژی خێزانی لە فەرەنسا، هەر سێ ڕۆژ جارێک کەسێک گیان لەدەست دەدات.
ناوەندی هەواڵ
پرسی توندوتیژی خێزانی لە فەرەنسا شایەتی پێشهاتێکی نیگەرانکەرە، تەنها پرسێکی کۆمەڵایەتی نییە بەڵکو گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی مرۆیی کە هەڕەشە لە ژیانی هەزاران ژن دەکات لە سەرانسەری وڵاتدا، هەروەها ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی بە ڕێژەیەکی خێراتر ڕوودەدەن، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییەکی قووڵە لە سیستەمی پاراستن و پشتیوانی قوربانییەکان.
فەرەنسا لەم دواییانەدا شایەتی بەرزبوونەوەی نیگەرانکەری ژنان بووە کە پەیوەندییان بە توندوتیژی خێزانییەوە هەیە، ئەو زانیارییانەی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم بڵاویانکردەوە، ئاشکرایان کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا ١٠٧ ژن لەلایەن هاوژینەکانیان یان یان هاوژینی پێشوویانەوە کوژراون، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١١% زیادی کردووە.
لێکۆڵینەوەی ساڵانەی وەزارەتەکە بەناونیشانی "لەبارەی مردنی توندوتیژی نێوان هاوژینەکان" ئاماژەی بەوەکردووە، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ١٣٨ کەس، کە ئەمەش گوزارشت لە زیادبوونی ٣٥% دەکات بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم پەرەسەندنەی توندوتیژییان بە "کارەساتبار و مەترسیدار" پێناسە کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، کە فەرەنسا بە تێکڕا لە هەر سێ ڕۆژێکدا یەک مردن بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە تۆمار دەکات، کە ئەمەش جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکاتەوە لە ڕێوشوێنی کاریگەرتر بۆ پاراستنی قوربانییەکان و بەهێزکردنی هەوڵەکانی خۆپارێزی.