بە دروشمی "یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان" کردنەوەی ڕێکخراوێک ڕاگەیەندرا
بە ئامانجی کارکردن بۆ یەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان لە هەرێمی کوردستاندا، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنا لە شاری سلێمانی بە فەڕمی دەستبەکاربوونی خۆی ڕاگەیاند.
سلێمانی
لە شاری سلێمانی، ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان بە دروشمی، " یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان "، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی چالاکوان، ئازادیخواز و ئەندامانی ڕێکخراوەکان کردنەوەی ناوەندی ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند، کە تێیدا ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دەتوانن وەک ئەندامێک کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بکەن، رێکخراوی سەربەخۆی ژنان، کە بۆ پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان کاردەکات لە ١٢ی نیسانی ئەمساڵ، لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکوان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانەوە لە کۆنفرانسێکدا دامەزرا، لە٣١ی ئایاریش کۆڕی ناساندنی بەڕێوەچوو.
شنە علی، وتەبێژی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، لە ناساندنی ڕێکخراوەکەدا جەختی لەوەکردەوە، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان هەردەم کار لەسەر پرسەکانی پێکەوەیی و مافەکانی ژنان دەکات، وەک ماڵێک ژنان بتوانن تێیدا بژین، کە هەموو ژنانی هەرێمی کوردستان و ئازادیخوازان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەوە، دەستلەناودەست کار لەسەر کێشەکانی ژنان بکەن و چارەسەریی و گۆڕانکاری تێدا ئەنجام بدەن.
بەهار مونزیر، دامەزرێنەری ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، باسی لە دیدگای ڕێکخراوەکە کردو وتی: لە شاری سلێمانیدا کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکانە کار بۆ پرسەکانی ژنان دەکەن، بەڵام ئێمە کۆمەڵێکی دیکە لە ژنانی ئازادیخواز جەخت لەسەر هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان دەکەین، کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە ناوچەکەدا دەربارەی ژنان هەیە پدەکەین، بە ئامانجی پێکەوەیی لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئازادیخوازدا کار بۆ پڕکردنەوەی ئاریشەکانی کۆمەڵگە بکەین، هەروەها مەرجی ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکەماندا تەنها ژنانن.
"کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەکەین"
شنە علی، وتەبێژی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان وتی:لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٥ەوە، لە ڕێگەی کۆنفڕانسێکەوە ڕێکخراوەکەمان بە کۆمەڵگە ناساند، کە بە ئامانجی کارکردن لەسەر کەیسەکانی ژنان، ئەو ژنانەی لە دادگاکاندا کەیسەکانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەریان فەرامۆش دەکرێت، کار بکەین لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا، بەشداریکردنمان لە سەرجەم چالاکییەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها کارکردن لەسەر هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراقی، کە دژ بە مافەکانی ژنان هەمووارکرایەوە، لە ئەنجامی دروستبوونی کێشەکان و زیادبوونی توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان، هەوڵمان بۆ کردنەوەی ناوەندێ یان ماڵێک بۆژناندا، کە بتوانین لەم ماڵە بچوکەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی یاساییەوە چارەسەر بکرێت، بە بێ هەبوونی مەرجی بڕوانامە، هەر ژنێک لە هەر ناوچەیەکی باشووری کوردستاندا، بە ئامانجی پێکەوەی دەتوانێت ببێتە ئەندامی ڕێکخراوەکەمان، بەدەر لە شاری سلێمانی لە شارەکانی هەولێر، کۆیە، کەلار و کەرکوک توانیومانە ئەنداممان هەبێت، لە تەواوی پارچەکانی دیکە لە ئێستادا لە هەوڵی بەدەستهینانی ئەندامین، تا بتوانین کار لەسەر کێشەکانی تەواوی ژنانی باشووری کوردستان بکەین، لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠ ئەندامین، لە ڕۆژانی داهاتوودا لەهەوڵی ناساندنی ڕێکخراوەکەین لە ناوچە و شارەکانی دیکەدا، تا بتوانین خاوەنداری لە ژنانی ناوچەکەمان بکەین.
" ئیمە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەبێبوونی جیاوازی هەوڵی هۆشیاری ژنان دەدەین "
فرمێسک وریا محەمەد قانع، ئەندامی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان لە هەولێر جەختی لەوەکردەوە، کوشتنەکانی ژنان لە چەندساڵی ڕابردوودا تەشەنەی کردووە، وتی: کوشتنەکان ڕۆژبەڕۆژ ڕوولە زیادبوون دەکات، ئەو ئەقڵییەتەی لە ناوچەکەدا هەیە، دژ بە توانا و مافەکانی ژنان هەوڵ دەدات، کار لەسەر کاڵکردنەوەی تواناکانی ژنان دەدەن، هەبوونی ئەم ڕێکخراوانە و بە دیدگایی یەکسانی کارکردن بۆ پرسەکانی ژنان گرنگی خۆی هەیە، هەبوونی ئەم ڕێکخراوە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری و یکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەکات.
فرمێسک وریا محەمەد قانع، لە کۆتاییدا وتیشی: لەدوای وەرگرتنی مۆڵەت و کردنەوەی ڕێکخراوەکەمان هەر یەکەمان بەگوێرەی ئەرکداریمان لە کارەکانماندا هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان ی ناوچەکەمان دەدەین، ئەندامبوون لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە دەستکەوتێکی مەزن دەبێت، تا بتوانین ژنانێکی زۆر هۆشیار بکەینەوە.