لە دەربەندیخان ژنێک کوژرا
شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، پیاوێک دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هێرشی کردووەتە سەر هاوژینەکەی و کوشتوویەتی.

ناوەندی هەواڵ
بەهۆی عەقڵییەتی پیاوسالاریی و ڕەوایەتی دان بە توندوتیژی دژی ژنان، کوشتنی ژنان بەردەوامی هەیەو لە نوێترین ڕووداودا لە شارۆچکەی دەربەندیخان ژنێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا.
درەنگانی شەوی ڕابردوو ٤ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، پیاوێک دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هێرشی کردووەتە سەر هاوژینەکەی و کوشتوویەتی.
بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنە ناوی چاوان حەسەنەو هاوژینەکەشی ئامۆزایەتی و خەڵکی شارۆچکەی دەربەندیخانن، دوای ڕووداوەکە، بکوژ دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.
بە پێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسەکەمان، لە مانگی ئابدا سێ ژن کوژران و ٥ ژنیش بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە مانگی تەمووزدا ٩ ژن کوژراون یان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوەو هەوڵی کوشتنیان دراوە.