بزووتنەوەی شەممەی مۆر : سیاسەتی دژە ژنی تاڵیبان دەرئەنجامەکانی بوومەلەرزەکەی سەختتر کردووە

بزووتنەوەی شەممەی مۆر ڕایگەیاند، لە ئەفغانستان بەهۆی نەبوونی پزیشکی ژنەوە چارەسەر بۆ ژنانی بریندار ناکرێت، پزیشکانی پیاویش بەهۆی بەربەستە کولتوورییەکانەوە ناتوانن ژنانی بریندار چارەسەر بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزەکەی پارێزگای کوناری ئەفغانستان، کە زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، بزووتنەوەی شەممەی مۆر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: خەڵک نەک هەر بەهۆی خراپی ژێرخانی ماڵەکانیان بەڵکو بەهۆی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی تاڵیبانیش دژی ژنان، ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن.

 

بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی نەبوونی پزیشکی ژنەوە چارەسەری بۆ ژنانی بریندار ناکرێت، هەروەها پزیشکانی پیاویش بەهۆی بەربەستە کولتوورییەکانەوە ناتوانن ژنانی بریندار چارەسەر بکەن. بزووتنەوەکە جەختی لەوەشکردەوە کە بێ مافکردنی ژنان لە خوێندن و کارکردن لە کەرتی تەندروستیدا، دەرئەنجامێکی کوشندەی هەیە.

 

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ژنانی دووگیان بەهۆی بێبەش بوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ژیانیان لەدەست دەدەن، ئەو منداڵانەیان کە دەکرا بە ڕێگەی پزیشکی ئاساییەوە ڕزگاریان بێت، پێش لەدایکبوون مردن، بومەلەرزەکە ماڵەکانی وێران کرد، بەڵام سیاسەت و عەقڵیەتی تاڵیبان هیواکانیشی لەناو برد.

 

لە راگەیەندراوەکەدا بەرامبەر بە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتی نیشاندراوە و هاتووە: “بێدەنگی هاوبەشییە لە تاوان، ژن و منداڵانی ئەفغانستان چیتر ناتوانن ئەو بێدەنگییە قبووڵ بکەن.”