لە چەمچەماڵ دوو بەڵگە فیلم لەسەر تاوانی ئەنفال نمایش کرا
لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دوو بەڵگە فیلم نمایشکرا، کە ناوەڕۆکی فیلمەکان باسکردنی ئازارەکانی ئەو کەسانەی بەر شاڵاوەکانی تاوانی ئەنفال کەوتوون، دەرهێنەری فیلمەکەش دەڵێت: بەهۆی نەبوونی وێنە و دیمەن و بەڵگە لەسەر تاوانەکان نەتوانراوە وەک پێویست ئەنفال بناسێنرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەس و کاری ئەنفالکراوان و بەشێک لەو کەسانەی پڕۆسەی ئەنفالیان بە کرداری بینیووە، دوو بەڵگە فیلم لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق نمایشکرا.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا ئامادەبووان چەند چرکەیەک بۆ ڕووحی شەهیدانی گەل و نەتەوە، لەگەڵ سروودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب بە بێدەنگی ڕاوەستان.
لە مەراسیمەکەدا لە ڕێگەی نمایشکردنی دوو فیلمی دۆکیۆمێنتاری بەشێک لە ئازارەکانی ناو زیندانی تۆبزاوا و نوگرەسەلمان نمایش کرا، کە بەڵگەی یاسایی گرنگی تێدایە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا هەردوو فیلمی “تۆبزاوا پرسگەیەک بەر لەدەروازەی جەهەنەم و گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ نمایشکران کە تێیدا باسی لە تراژیدیای ئەو تاوانە دەکرد کە دەرهەق بە گەلی کورد کراوە.