لە بناری قەندیل ئامادەکاری بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان و خواردنی کوردەواری دەکرێت
شارەوانی بناری قەندیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەڕێوەچوونی "یەکەمین فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان و خواردنی کوردەواری" ڕاگەیاند. فێستیڤاڵەکە سێ ڕۆژم دەخایەنێت و ئامانج لێی ناساندن و پاراستنی کولتوور، ژینگە و بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستانە.
قەندیل
بۆ یەکەمین جار لە بناری قەندیل، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە کولتوور وسروشتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەم چوارچێوەیەدا، شارەوانی بناری قەندیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری و وردەکارییەکانی پەیوەست بە فێستیڤاڵەکەی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.
د. دڵشێر ئیبڕاهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: وەکو شارەوانی بناری قەندیل، هەڵدەستین بە ئامادەکردنی فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان و خواردنی کوردەواری. ئامانجی سەرەکیمان ناساندنی زیاتری کولتوورو بەرهەمە بەهاری و خۆماڵییەکانی کوردستانە، لەگەڵ نیشاندانی تایبەتمەندی و دەستکەوتەکانی شارستانییەتەکەمان. ئێمە وەکو هەمیشە هاوکاری هەر لایەنێکی کولتوورین کە خزمەت بە نەتەوەکەمان بکات.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی فێستیڤاڵەکە، د. دڵشێر ئیبڕاهیم ئاماژەی بەوەدا کە فێستیڤاڵەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن شارەوانی بناری قەندیلەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە ڕۆژی ٧ تا ٩ی ئایاری ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، کە تیایدا نزیکەی ١٥٠ کەس بەشدار دەبن.
لە میانی فێستیڤاڵەکەدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن، لەوانە:
- پێشکەشکردنی خواردنی کوردەواری و بەرهەمە خۆماڵییەکان، لەگەڵ پێشبڕکێی ئامادەسازیی چێشت.
- نمایشکردنی کاری دەستی و هونەری.
- سازدانی ستەیجی تێکەڵ بە کاری هونەری، شانۆی سەر شەقام و نمایشی شانۆیی.
- پێشکەشکردنی گۆرانی، کۆنسێرتی هونەری بە بەشداری چەندین هونەرمەندی ناسراو شایی و هەڵپەڕکێی کوردی.
- پیشاندانی سروشتی کوردستان و پڕۆمۆدێلایش (نمایشی جلوبەرگ و وێنەکێشان).
- سازدانی سیمیناری زانستی لەسەر ژینگە و گیادەرمانییەکان.
- یارییە کلتورییەکانی وەک دەنکژێنی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بانگهێشتی گشتی ئاراستەی سەرجەم شارەوانی، دامودەزگا و ئیدارەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، کەرکوک، ڕانیە، قەڵادزێ، قەسرێ، چۆمان، وەرتێ) و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی کوردستان کرد، تا ئامادەی فێستیڤاڵەکە بن و دەوڵەمەندتری بکەن. هەروەها جەختی کردەوە کە بۆ ڕۆژی هەینی، وەک شارەوانی بە گەرمی پێشوازی لە میوانان دەکەن.
لە کۆتاییدا، د. دڵشێر ئیبڕاهیم تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوچەکەو وتی: بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە، دۆخی بناری قەندیل بە تەواوی ئارامە. وەکو شارەوانی بناری قەندیل، پلانمان وایە ئەمە ببێتە سەرەتایەک و ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە نوێیە بەڕێوەببەین.