لە بەڵگەفیلمی ژیانەوەی کورددا دەنگی ڕەهشان دەمیرەڵ بڵاوکرایەوە

لە بەشی سەرهەڵدانی بەڵگەفیلمی "ژیانەوەی کورد"دا، بۆ یەکەمجار، تۆماری دەنگی ڕەهشان دەمیرەڵ بڵاوکرایەوە کە باسی ئامانجی چالاکییەکەی لە کادیفەکالەی ئیزمیر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەشی ٢٨هەمینی بەڵگەفیلمی "لە قڕکردنەوە بەرەو ژیانی ئازاد-ژیانەوەی کورد"دا کە بە ناونیشانی سەرهەڵدان لە مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی بڵاودەکرێتەوە، گەواهی و دیمەنە ئەرشیفکراوەکانی ساڵانی نەوەدەکان بڵاوکرایەوە.

 

ڕەهشان دەمیرەڵ لە ٢١ی ئاداری ١٩٩٢، لە کادیفەکالەی ئیزمیر ئاگری لە جەستەی بەردا و لە ئەنجامی چالاکییە فیداییەکەیدا شەهیدبوو.

 

لە بەڵگەفیلمەکەدا باس لە بەشداری خوێندکارانی زانکۆ لە ڕیزەکانی گەریلا و پێشهاتەکانی ڕاپەڕینەکانی گەل و ڕۆڵی گەریلا لەو کاتەدا کراوە. تیشک خراوەتە سەر کاریگەریی یەکێتیی گەنجانی وڵاتپارێزی شۆڕشگێڕی کوردستان "یەجەکە" و کۆمەڵەی ژنانی وڵاتپارێز "یەکەدە" لە کاتی سەرهەڵداندا. هەروەها باس لە گۆڤارەکانی سەرخۆبوون و ئۆزگور هەڵک و ڕەوشەن و هەروەها ئەو کادرانەی لە نەورۆز و سەرهەڵدانەکاندا شەهیدبوون، کراوە. هەروەها بۆ یەکەمجار گرتە ڤیدیۆییەکانی کۆبوونەوەکانی گەل و گەریلاکانی ئەو کاتە بڵاوکرانەوە.

 

لە بەڵگەفیلمەکاندا، هەڵسەنگاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی سەرهەڵدانەکان دەبینرێت. هەروەها گەواهییەکانی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، جەمیل بایک؛ ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، موستەفا قەرەسوو؛ فەرماندەی گشتیی هەپەگە، موراد قەرەیلان؛ کادرانی پەکەکە، بەسێ ئەرزینجان و فاتمە ئادر و فەریدە ئاڵکان و ڕۆتیندا ئەنگین و موستەفا جزیر و ئامەد مەلازگرت و نوورەدین دەمیرتاش و ڕۆژنامەنووس جەلال باشلانگچ و سیاسەتمەداری کورد خەتیب دیجلە و ئاکن بیردال لە بەشی سەرهەڵدانی بەڵگەفیلمەکەدا بڵاوکراوەتەوە.

 

بەشێکی سەرنجڕاکێشی بەڵگەفیلمەکە، تۆماری دەنگی ڕەهشان دەمیرەڵ کە باس لە ئامانجی چالاکییە فیداییەکەی لە نەورۆزدا دەکات. ڕەهشان دەمیرەڵ دەڵێت: "هەڤاڵان، با ببینە یەک. ئێوە بڵێن، 'ئەم کچە بۆچی خۆی سووتاند، بۆچی لە شارەکانی تورکیا خۆی سووتاند'. منیش دەتوانم پێتان بڵێم؛ با دوژمن بزانێ کە لە شارەکانی ئەواندا، کورد دەتوانن سەرهەڵدان و بەرخۆدان بکەن. من لەمە تێگەیشتم، ئەگەر مرۆڤ بیەوێت کارێکی زۆر بکات، هەموو جێیەک دەبێتە چیا. هەروەها وتم، مادام ناتوانم لەسەر چیایەک بیکەم، ئەوا ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم. هەر بۆیە چاوەڕوانیمان لە گەلی ئیزمیر هەیە. من باوەڕم بەم شێوەیە. بۆ خۆم دەکەم بە نەورۆز بۆ گەلەکەم. بژی نەورۆزی سەرهەڵدان و ئازادی. لە دڵ و گیانەوە، جەژنی نەورۆزی گەلانی ستەملێکراو پیرۆز دەکەم.

 

هەروەها ئەم چالاکییەی ڕەهشان دەمیرەڵ لەلایەن کادرانی پەکەکە سۆزدار ئاڤێستا و ڕەنگین بۆتان هەڵسەنگێندرا. له هەڵسەنگاندەکاندا باس لەوە کراوە، ڕەهشان دەمیرەڵ بەم چالاکی و هەڵوێستە، بووەتە یەکێک لە سیمبولەکانی قۆناغەکە و نیشانی داوە کە دەکرێت لە هەموو جێیەک هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە نیشان بدرێت.