"لە ٢٠٢٣ سێ جار ژێرخانی ناوچەکە کراوەتە ئامانج"

بەڕێوەبەرانی ژنی کانتۆنی فورات هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و وتیان: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببات، بەڵام بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان سەفەربەر دەبین.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە بە هێرشی ئاسمانی بە بەردەوامی بۆردومانی کانتۆنی جزیرە و فوراتی کردو ٨ کەس گیانیان لەدەستدا لە ٢٥ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەی کۆبانێ، بۆردومانی وەرشەیەکی چاککردنەوەی سەر بە شارەوانی کۆبانێ، هەڵمەتی ئەحمەد تەمیر، گەڕەکەکانی شارەکە، دارستانی کۆبانێ، مەزارگە، کێڵگەی مریشک و نەخۆشخانەی مشتەنوور کرا.

 

نەخۆشخانەی مشتەنوور کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دامەزراوە، بە تەواوی وێران بووە و ٥٩ کارمەند خزمەتگوزاری ڕۆژانەیان پێشکەش بە ٥٠٠ کەس کردووە لە بەشەکانی منداڵان، ژنان، پزیشکی ناوخۆیی، شەکرە، تەندروستی دەروونی و تەندروستی منداڵان.

 

سەبارەت بە بۆردومانەکە، ژنانی بەڕێوەبەری کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

 

"دەوڵەتی تورک هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەدات"

زۆزان بەکر، وتەبێژی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی فورات وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕق و توڕەییەکی زۆرەوە ناوچە سنورییەکانی بۆردومان کردووە، لەو هێرشانەدا بەتایبەتی شوێنەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و سووتەمەنی و وزەی کردە ئامانج و دەیان شوێنی وێرانکرد، دەوڵەتی تورک هەوڵی شاردنەوە و پشتگوێخستنی شکستی ناوخۆیی دەدات، هەروەها ئەردۆغان دەیەوێت تۆڵەی شکستەکانی بە بۆردومانکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باشووری کوردستان بکاتەوە بە پێچەوانەوە، چەند ڕۆژێکە شایەتحاڵی هەڵوێستی خەڵکی ناوچەکەین، گەلەکەمان بە پێداگرییەکی زۆرەوە لە دژی ئەم هێرشانە وەستایەوە و هەڵوێستی خۆی دەربڕی، سەرەڕای بۆردومانە قورسەکان، گەلەکەمان لە مەیدانەکانن و کاردانەوەی خۆیان دەربڕیوە.

 

"ئیرادەمان لاواز نابێت و بوونی خۆمان دەپارێزین"

زۆزان بەکر سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵک لە بەرامبەر بۆردومانەکەدا وتی: لە بەرامبەر ئەم دۆخەی ئێستادا وەک هەمیشە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە مسۆگەرکارەکان دەبینین. بێدەنگی ئێستا دەخوێنینەوە؛ ئاشکرایە کە ڕێککەوتنێک لە نێوان دەوڵەتی تورک و هێزەکانی گەرەنتیدا هەیە، ژێرخانی ناوچەکە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە بەردەوامی بۆردومان کراوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لەم دوو ڕۆژەدا باجێکی زۆر گرانمان داوە، وەک گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پرۆسەیەکی زۆر سەختدا تێپەڕین، هەڵوێستی ئێمە هەمیشە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری بووە، باجێکی زۆرمان داوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو دەستکەوتانەی کە دەوڵەتی تورک بە ئامانجیان دەکات و بۆردومانی دەکات، بە ئاسانی دەستکەوتەکانی خۆمان بۆ دەوڵەتی تورک بەجێناهێڵین و دەیپارێزین. ئیرادەمان هەرگیز بەهۆی ئەم شێوازە ترسناکانەی دەوڵەتی تورکیاوە لاواز نابێت، بە پێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبین.

 

"لە ماوەی ساڵێکدا سێ جار ژێرخان بۆردومان کراوە"

لە لایەکی دیکەوە، مزگین خەلیل، جێگری ئەنجومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی فورات، تیشکی خستەسەر دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: بە توندی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانە دەکەین و بۆردومانکردنی ژێرخانەکان تاوانی جەنگە، دەوڵەتی تورکیا کارگەی زەیتوون و چاککردنەوە و چاپخانەو نەخۆشخانەی کردووەتە ئامانج، لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەمە سێیەم جارە دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدات کە دەیان سەرچاوەی زیندووی تێکشکاندووە، بە تایبەتی، بۆ ماوەی سێ مانگ، دەوڵەتی تورکیا هێرشە ئاسمانییەکانی و شەڕی تایبەتی چڕتر کردووەتەوە، ئامانجی ئەردۆغان ڕوونە، دەیەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببات.

 

"کاتی ئەوە هاتووە ئەردۆغان لەسەر کردەوەکانی سزا بدرێت"

مزگین خەلیل ڕایگەیاند کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاستی تاوانەکانی جەنگی تێپەڕاندووە و وتی: داوا لە هەموو ئەو هێز و ڕێکخراو و کەسانە دەکەین کە باسی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و منداڵان دەکەن، پێویستە دەستبەجێ ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت کە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەردۆغان سزا بدرێت بەهۆی کوشطنی ژنان و منداڵان و هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەندین ڕووداو کە دڕندەیی و تیرۆری دەوڵەتی تورکیا نیشان دەدات تۆمارکراوە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی خۆی داخستووە، هاوپەیمانی دژ بە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانەوە واژۆ کراوە، بەڵام لە کرداردا و لە کاتی پێویستدا دەبینین کە بێدەنگن، بۆیە ئێستا پیلانێکی دیکە هەیە کە تیایدا هەموو هێزەکان هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکەن.